سلێمانی
مشتومڕی نێوان حیزبەکانی ھەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ھەروا درێژەی ھەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: دوێنێ دووشەممە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، وەڵامی داوایەکیانی داوەتەوە لەبارەی لیستی ناوی دەنگدەران.
بەرپرسانی ئەو حیزبە نایشارنەوە سەرنجی زۆریان ھەیە لەسەر لیستی ناوی دەنگدەران، بۆیە داوای روونکردنەوەیان کردبوو لەکۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان. سەرنجەکانی یەکێتی لەسەر ناوی مردووەکان و ناوە دووبارەکانە لەپارێزگاکانی ھەولێرو دھۆک.
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان(شۆڕش ئیسماعیل) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " کۆمیسیۆن وەڵامی ئێمەیان داوە تەوەو بەڕاشکاویی گوتوویانە ناتوانن ناوی مردووەکان لەلیستی دەنگدەران ھەڵاوێرن، بۆیە ئێمە سوورین لەسەر تێبینییەکانی خۆمان و لەدەستەی دادوەریی کوردستان سکاڵا تۆمار دەکەین".
شۆڕش جەختی کردەوە ئەو پرسە بەلای ئەوانەوە زۆر گرنگەو رژدن لەسەر ئەوەی بەر لەھەڵبژاردن یەکلایی بکەنەوە " چاەڕوانی وەڵامی دەستەی دادوەری دەکەین ئەگەر ھیچیان پێنەکرێ پەنا دەبەینە بەر دادگای فیدراڵی عێراق، چونکە لیستی ناوی دەنگدەران کەموکورتی زۆری تێدایەو بەڵگەمان لەبەر دەستە کە ئەو لیستە حیزبەکان ھان دەدا فێڵ وتەزویری زۆر ئەنجام بدەن لەکاتی دەنگداندا".
ھەر یەکە لەبزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەجیا تێڕوانینیان ھەیە لەسەر قسەکانی بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی، بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ یەکێتیش بۆخۆی بەشدارە لەدروستکردنی ئەو لیستەی کە ئێستا رەخنەی لێدەگرێ.
یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی لیستی گۆڕان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی " ئەو کێشەیە پێشتر سکاڵای لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بووەو چەندینجار داوای چارەسەرکردنیمان کرد، کەچی چارەسەر نەکراو ئێستا یەکێتیش لەسەری ھاتووەتە جواب، سەیرە یەکێتی ئێستا باسی دەکات، چونکە خۆی بەشدار بووە لەدروستکردنی لیستەکەداو لەھەڵبژاردنەکانی پێشتردا کەڵکیان لێوەرگرتووە، ئەو بەدەنگ ھاتنەی ئێستاشیان ھی ئەوەیە ئەمجارەیان بەلیستی جیا بەشدارییانکردووە".
لەلایەکی دیکە گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ ئەوان پرسی ناوی دەنگدەرانیان سپاردووە بەکۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و پەیوەندیی بەوانەوە ھەیە نەک حیزبەکان.
بڕیارە لە٢٠/٩/٢٠١٣ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێ و دوو مانگ دواتر ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامبدرێت.