سلێمانی
ئەمڕۆ شەممە گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی كوردستان ئازاد جوندیانی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو لەبارەی دوایین ھەڵوێستی حزبەکەی بۆ بەشداری کردن یان بەشداری نەکردن لەکابینەی نوێی حکومەت گوتی"بەپێی بڕیاری پلنیۆم لەم ھەفتەیەدا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ی. ن. ک ئەنجام دەدرێت بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی پلنیۆم و یەکلاکردنەوەی پرسی بەشداری کردن یان نەکردن لەکابینەی داھاتووی حکومەتدا."
جوندیانی لەبارەی شێوازی بڕیاردان لەبارەی بەشداری کردن یان نەکردنی کابینەی نوێی حکومەت گوتی: "لە پلنیۆم بڕیارێکمان پەسند کردووە، کە یەکلاکردنەوەی ئەو کەیسە لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە راوێژ لەگەڵ ئۆرگانەکانی تری یەکێتی دا دەبێ، بەشێوەیەک لەبەرژەوەندیی گەلەکەمان بێ."
گوتەبێژەکەی یەکێتی نیگەرانی خۆی نیشاندا لە بڵاوبوونەوەی ئەو ھەواڵانەی لەچەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنەوە بڵاوکراونەتەوە لەسەر ئەوەی: "دوو بۆچوون لەناو یەکێتیدا ھەیە بۆ بەشداریکردن لەحکومەت و ئەو پرسەش کەوتووەتە دەست کۆمپانیاکانی یەکێتی."
پێشتر بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایانگەیاندبوو دوای جەژن، گفتوگۆکان لەسەر پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەست پێدەکات.