ھەولێر
یاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (سەعید عەلی عەبۆ) لەبارەی پرۆسەی ھەڵبژاردن و ئەنجامەکانی، ئەمڕۆ دووشەممە بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ AA گوتی "یەکگرتووی ئیسلامی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێباشەو بەئەنجامەکانیشی رازییە".
سەبارەت بە بەشدارییکردنی یەکگرتووی ئیسلامی لە حکومەتی داھاتوو، عەلی عەبۆ گوتی "سەرکردایەتیی حیزب بڕیار دەدا بەشداریی حکومەت دەبین یان نا، بەڵام جارێ لەو بارەیەوە کۆبوونەوە نەکراوە بەگوێرەی پێڕەوی ناوخۆ دەبێ ئەو جۆرە بڕیارانە لەکۆبوونەوەی گەورەدا تاوتوێ بکرێن".
لەدوای ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ ھەرسی لایەنی (بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی) رەتیانکردەوە بەشداریی حکومەت بکەن و ھەرسێ لایەن بوونەت ئۆپۆزسیۆن، یاریدەردەی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێ ئەوان پابەند نابن بە بڕیاری کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشدارییکردن لەحکومەتدا یان مانەوەیان بە ئۆپۆزسیۆن.
"راستە چوار ساڵی رابردوو پێکەوە ئۆپۆزسیۆن بووین، ھەروەھا لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی لیژنەی ھاوبەشمان ھەیە بەڵام ئێمەو گۆڕان و کۆمەڵ بۆچوونی جیاوازمان ھەیە. یەکگرتووی ئیسلامی پابەند نییە بە بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیەوە بۆ بەشدارییکردن لەحکومەتی داھاتوو".
ھێشتا ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی نەبووەتەوە، یاریدەدەری ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێ لەم ھەڵبژاردنە دەنگەکانی یەکگرتووی ئیسلامی بەراورد بە ساڵی ٢٠١٠ زیادی نەکردووە، بەڵام کورسیەکانیان لە ٦ بۆ ١٠ کورسی بەرز بووەتەوە.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ٦ ی شوباتی ساڵی ١٩٩٤ راگەیەنراوە، پێشتر لە کابینەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەشدارییکردووە، دوای ھەڵبژاردنی ٢٥/٧/٢٠٠٩ شەش کورسیان بەدەستھێنا بڕیاریاندا بەشداریی لەحکومەتدا نەکەن.