ھەولێر
خەلیل ئیبراھیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لەلێدوانێکدا بۆ AA گوتی: "سەرکردایەتیی یەکگرتوو بڕیاریداوە بەشداریی کابینەی ھەشتی حکومەت بکا، بەڵام پێی باشە حکومەتی بنکە فراوان پێکبھێنرێ و لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن بەشداریی تێدا بکەن چونکە پێویستمان بە سازانی نیشتمانییە و دەبێ بەرپرسیارێتی ھەڵبگرین."
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی بۆ وتووێژکردن لەبارەی پێکھێنانی کابینەی تازە، سەردانی تەلاری مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کرد لە شاری ھەولێر. بارزانی لەگەڵ ئەمینداری گشتی ئەو حزبە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆبووەوە، لە بارەی ئەو کۆبوونەوەیە، خەلیل ئیبراھیم گوتی: "داواکارییەکانمان بریتی بوون لە بەرنامەی چاکسازیی نیشتمانی، یەکخستنی دوو ئیدارەیی بە عەمەلی، بەدامەزراوەییکردنی دەزگا حکومییەکان."
خەلیل ئیبراھیم ھەروەھا رایگەیاند: بێجگە لەویستێکی ناوخۆیی بۆ پێکھێنانی حکومەتی بنکە فراوان، ھەر یەکە لەوڵاتانی تورکیا و ئێران لەگەڵ حکومەتی بنکە فراواندان، لەو بارەیەوە گوتی: "بۆ ئەوەی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پارێزراوبێ، ھەردوو وڵات داکۆکی لەوە دەکەن کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێم بنکە فراوانبێ، ئەگەر ھەمووشی نەبێ زۆرینەی ھەرە زۆری لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن بەشداریی تێدا بکەن"..
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ھێزێکی ئیسلاحیی میانڕەوە، لەھەڵبژاردنەکەی ٢١ ی ئەیلولی ئەمساڵ، توانی ١٠ کورسی لەکۆی ١٠٠ کورسیی پەرلەمانی کوردستان بەدەست بێنێ.