عەدەن
فڕۆكەكانی جەنگی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعوودیە هێرشیان كردە سەر چەكدارانی حوسی لە سەربازگەی "عەنەد" سەر بە پارێزگای لەحج باشووری یەمەن.
بەپێی گوتەی شاهێدحاڵەكان بە هۆی ئەو بۆردمانەوە چەكەكانی قورسی نێو سەربازەگە لە تانك، تۆپ، كاتۆشیا و رۆكێت كرانە ئامانج و زەرەر و زیانێكی یەكجار زۆر بە چەكدارە حوسییەكان گەیشتووە. دوای ئەو بۆردمانە چەندین شوێنی جیاجیای ئەو سەربازگەیە ئاگری گرتووە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو ئاگربەستێكی مرۆیی لە یەمەن راگەیەنرا و شەوی رابردوو كۆتایی بەو ئاگربەستە هات.
هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعودییە بۆ رێگریكردن لە پێشڕەوی كردنی حوسییەكان لە یەمەن رۆژی 26ی ئادار دەستیان کرد بە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوان لە دژی حوسییەكان بە ناوی گەردەلوولی ئەلحەزم، ئەو ئۆپەراسیۆنە لەسەرداوای سەركۆماری یەمەن عەبدڕەبو مەنسوور هادی ئەنجامدرا و رۆژی 21ی نیسان بە كۆتایی هات و ئۆپەراسیۆنی گەڕاندنەوەی هیوا بۆ خەڵكی یەمەن دەستی پێكرد.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری یەمەن ئیسماعیل وەلەد شێخ ئەحمەد لە كۆنفرانسی دیالۆگی یەمەن كە لە ژێر ناوی رزگاری یەمەن و بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵ ساز كرابوو، داوای ئەوەی كردبوو كە ئاگربەستەكە لانیکەم بۆ پێنج رۆژی دیكە درێژ بكرێتەوە.
دوای لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كێری و وەزیری دەرەوەی سعوودیە عادل جوبەیر لە بارەی راگەیاندنی ئاگربەستێكی پێنج رۆژە لە یەمەن لە رۆژی 12ی مایسەوە، لە چەند شارێكی ئەو وڵاتە وەكو دالی، تەعز و جۆف ئاگربەستەكە پێشێل كرا.