Salim Xemexan
01 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2016
خۆپیشاندانەکە لەبەردەم پەیکەری شەھید عومەری خاوەر بۆبەردەم باخی گشتی شارەکە و بەناو شەقامی گشتی و ناوەڕاستی بازاڕ و بەوتنەوەی ژمارەیەک دروشمی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو، لەپاش گەیشتنی ئاپۆرەی خۆپیشاندەرانیش بۆبەردەم باخی گشتی یاداشتی لیژنەی ھاوبەشی داکۆکی لەمافی مامۆستایان و فەرمانبەران خوێندرایەوە.
ئەندامی لیژنەی ھاوبەشی داکۆکی لەمافی مامۆستایان و فەرمانبەران، مامۆستا لەزانکۆی ھەڵەبجە عومەر فوئاد یاداشتەکەی خوێندەوە کە تیایدا ھاتووە "ساڵەھای ساڵە ھەرچی نەھامەتی و نەگبەتیە چەشتومانە، لەپێناو گەیشتن بەحوکمێکی خۆماڵی، بەڵام بەداخەوە ئەم دەسەڵاتە بێباک و بێ بەڵێنە، لەبری باش خزمەتکردنی خەڵک و باشترکردنی گوزەرانیان، لەبری چاکسازی و بڕینی مووچەی بندوار و پلەباڵاکان، سزای سەرجەم فەرمانبەران دەدات و زۆر بێباکانە ھەڵسوکەوت لەگەڵ پەککەوتنی سەرجەم جومگەکانی ژیان دەکات".
لەبەشێکی تری یاداشتەکەدا ھاتووە "ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە بۆدووبارە کردنەوەی پشتوانی لەھەڵوێستی جوامێرانەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی تر لەبەردەوامبوونی بایکۆت و رازی نەبوونیان لەبەتاڵانبردنی سەروەت و سامان و بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان، لێرەوە بەھەڵوێستی مەدەنیانەی خۆمان بەھەموو جیھان دەڵێین کە ئێمە سازش لەسەر مافەکانمان ناکەین و پێمان وایە ھەرکەس و کۆمەڵە و گرووپێک سازش لەسەر مافەکانی بکات، بەدڵنیاییەوە ناتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، دەمانەوێت بەدەسەڵات و حزبەکانی ناو دەسەڵات بڵێین ئێمە کۆڵ نادەین و ھەرگیز رازی نابین بەکۆکردنەوەی سواڵ و سەدەقە بۆمان و داوای وەرگرتنی مافی یاسایی خۆمان دەکەین و ھەوڵی دەست بردن بۆگیرفانی خوێندکاران شەرمەزار دەکەین و دژی دەوەستینەوە، چونکە دڵنیاین کە حکوومەت نەدار نییە".
لای خۆیانەوە مامۆستایانی ئایینی شارەکە بەشداریی خۆپیشاندانەکەیان کرد و لەگوتەیەکدا بەناوی ئەوانەوە، مامۆستا شێخ ئیبراھیم نێرگزەجاری گوتی: "ئەوە مامۆستایان و فەرمانبەران نین کە بایکۆتیان کردووە، بەڵکو ئەوە حکوومەتە کە بەداخەوە ئەو واقیعەی سەپاندووە بەسەریاندا، تا بایکۆت بکەن، بۆیە داواکارین چیتر حکوومەت لەمە زیاتر سووکایەتی بەمامۆستایان و ھەموو فەرمانبەران نەکات و بەدەم داواکاریەکانیانەوە بێت".