واشینتۆن
لەگەڵ بەردەوامی ھەوڵەکانی ئیدارەی ئۆباما بۆ رازییکردنی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران تا ھێرش بکەنە سەر سوریا، ھەریەکە لەکۆنگرێسمانی کۆماریخوازەکان (جۆن مەکین و لیندسی گراھام) لەھەڵوێستی پێشوویان خەریکە نەرمی نیشان دەدەن لەبارەی ھێرشکردنە سەر سوریا.
لەو بارەیەوە باراک ئۆباما، لەگەڵ ھەردوو کۆنگرێسمان کە ئەندامی کۆمیتەی ھێزەچەکدارەکانیشن لەکۆنگرێس، بەسێ قۆڵی کۆبوونەتەوە.
لەدوای کۆبوونەوەکەیان مەکین گوتی " ئەگەر ئۆباما توانی متمانەی کۆنگرێس مسۆگەر بکات بۆ ھێرشکردنە سەر سوریا ئەوکاتە دەتوانێ ھەنگاوی پێویست بنرێ لەبارەی جەنگەوە" .
مەکین نەیشاردەوە ھێشتا نیگەرانیەکانیان لەمەڕ ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر سوریا نەڕەویوەتەوەو ئاماژەی بەوەکرد خوازیارن ئۆباما بەڵگەی بە ھێزتر و بیانووی بەھێزتر دەست بخات بۆ بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوریاوە.
وا بڕیارە لەداھاتوودا بارک ئۆباما بە ھاریکاریی جۆ بایدنی جێگری، لەگەڵ چەند ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێسدا کۆببنەوە، دواتر لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەو بەرگریی و سەرۆک ئەرکاندا کۆدەبێتەوەو بڕیاری کۆتایی ئاشکرا دەکەن.