سلێمانی
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (بەکر حەمەسدیق) ئەمڕۆ سێشەممە بۆ AA رایگەیاند: پەرلەمانی عێراق ئەوەی پەسەند کرد بەخششێکی پێنج ملیۆن دیناری بدرێتە ھەر کەسێکی ھەڵەبجەیی کە بەدەستی رژێمی پێشوو زیانی پێگەیشتبێ و ئاوارە بووبێ".
بەکر گوتی" لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەدا چەند گۆڕانکارییەک لەپڕۆژە یاسای دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق کراوەو چەند بڕگەیەکی تایبەت بۆ یاساکە زیادکراوە، لەناو پڕۆژەکەدا بڕیارێکی گرنگی تێدایە بۆ قەرەبوکردنەوەی گیراوە سیاسییەکان و ئەو کەسانەی بەھۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لەساڵی ١٩٩١ ئاوارەی دەرەوەی عێراق بوون یان دەستگیر کراون".
بەکر لەبارەی کەڵکی ئەو بڕیارە بۆ خەڵکی ھەڵەبجە روونکردنەوەی زیاتری داو گوتی " یاساکە بۆیەکەمجارە بەخششێکی پێنج ملیۆن دیناری دەداتە دانیشتووانی ھەڵەبجە کە لەسەردەمی حوکمی سەدام حوسێندا ئاوارە بووبن، ئەوانەشی لەساڵی ١٩٩١ لە ١ بۆ ٥ مانگ ئاوارەی دەرەوەی عێراق بوون، موچەی خانەنشینییان بۆ دابین دەکرێ کەکەمتر نەبێ لە ٤٠٠ ھەزار دینار، ھەروەھا ئەوانەی لە ٦ تا ١٢ مانگ ئاوارە بون مووچەکەیان دەبێتە دوو ھێندە".
بەکر حەمە سدیق زیاتر گوتی " بێجگە لەوە ساڵانە مینحەیەکی ٦٠٠ ھەزار دیناری دەدرێتە دانیشتووانی ھەڵەبجەو تەنیا بۆ خەڵکی ئەو شارە پارەکە دابینکراوە".