نیویۆرک
گاری کۆیلان، نوێنەری ئوسترالیا لەنەتەوەیەکگرتووەکان دوای ئەوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێسپێردرا گوتی" ھەڵوێستی ئەندامە ھەمیشەیەکانی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی سوریاوە گۆڕانکاریی بەسەردا نەھاتووە".
بە ئامادەبوونی سەرۆک و نوێنەری ١٩٣ وڵات، سەرۆکایەتی ئەم خولەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان سپێردرا بەئوسترالیا.
لەدوای ساڵی ١٩٨٥ یەکەمجارە ئوسترالیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش دەگرێتە ئەستۆ. نوێنەری ئوسترالیا ئەو ئەرکە لە نوێنەری وڵاتی ئەرجەنتین وەرگرت و لە کۆتایی ئەم مانگەشدا ئەو ئەرکە بە وڵاتی ئازەربێجان دەسپێردرێ.
گاری کۆیلان نوێنەری ھەمیشەیی ئوسترالیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، دوای ئەوەی وڵاتەکەی سەرۆکایەتی ئەم خولەی ئەنجومەنی ئاسایشی وەرگرت لە بارەگای سەرەکی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد.
کۆیلان لەو کۆنگرەیەدا رایگەیاند سەبارەت بە سوریا گفتوگۆ لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی درێژەی ھەیەو ھێشتا ھەڵوێستی ئەندامە ھەمیشەیەکان گۆڕانکاریی بەسەردا نەھاتووە.
کۆیلان ئاماژەی بەوەدا سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان (بان کی مۆن) کۆبوونەوەی لەگەڵ پێنج ئەندامە ھەمیشەیەکەی ئەنجومەنی ئاسایش ئەنجامداوە، لەم بارەیەوە چەند کێشەیەک ھەیە و گوتی" لەو بارەیەوە تا ئێستا رێککەوتن بەدینەھاتووە، قەیرانی سوریا لەمانگی ئەیلول رۆژەڤی سەرەکی ئێمە دەبێ، تا ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی سوریاوە ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە دەبێ ئەندامە ھەمیشەییەکان ئەو بنبەستبوونە بشکێنن. چونکە بەھۆی ئەو بنبەستبوونە ناتوانرێ لەبارەی سوریا ھیچ ھەنگاوێک بنرێ".
نوێنەری ئوسترالیا باسی راپۆرتی لێکۆڵینەوەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان خەریکن لەوبارەیەوە بگەنە ئەنجامێک، ئەنجامەکانیشی رادەستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکرێت. لەمبارەیەوە گوتی" نەتەوەیەکگرتووەکان لەمبارەیەوە لێکۆڵەرو تاقیگەی زیاتر بەکاردێنێ بۆ ئەوەی بگاتە دەرەنجامێکی زانستییانە".
لەلایەکی دیکە بۆ بەشداربوون لە کۆبوونەوەی (G٢٠) بان کی مون لە شاری سترانسبۆرگ لەڕوسیا داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد بەڵگەکانیان لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی رادەستی تیمی لێکۆڵینەوەی سەر UN بکەن.
کۆیلان رایگەیاند: لەمانگی ئەیلولدا پرسی مسر لەرۆژەڤی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان نابێ، بەڵام دوای پرۆسەی رێککەوتن لەوانەیە پرسی میسر بکەوێتە رۆژەڤی ئەوان.
ئوسترالیا لەناو ئەندامە کاتیەکانی ئەنجومەنی ئاسایشدا بە "ئەندامێکی چالاک" و بە نواندنی ئاستێکی بەرز لە چارەسەری کێشەکان ناسراوە، ھاوشانی فەڕەنسا و بەریتانیا، سەربارەت بەکۆمەڵکوژیی لایەنگرانی مورسی لەمیسر، داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی کرد لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بڕیارە رۆژی ٢٦ ئەیلول ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی " چەکی بچووک " کۆبێتەوە، لەبارودۆخی وڵاتانی سوریاو بەرزایەکانی جۆلان، یەمەن، سۆماڵ، لیبیا، سیرالیۆن، ھایتی، ئەفغانستان، لیبریا، سۆدان و ئێران دەکۆڵێتەوە.