ھەولێر
ئەمڕۆ ھونەرمەندی ناسراوی ئەمریكی پراس پراس مایکڵ كە لە رێگای دەزگای كلتووری شڤان پەروەر بانگەھێشتی كوردستان كراوە، لە ھۆتێل دیوان لە شاری ھەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رێكخست تاكو سەردانی بەرەكانی شەڕ دژی داعش بكات و لە نزیكەوە قارەمانییەتی پێشمەرگە ببینێت.
ھونەرمەندی ئەمریكی پراس مایکڵ تا ئێستا سەردانی ٥٠ وڵاتی كردووە و لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی خەڵكی ئەو ناوچانە بووە و ھەروەھا ھەرێمی كوردستانیش لە درێژی سەردانەكانیدا بەسەر كردەوە.
ئامانج لە سەردانەكەی مایكڵ بۆ ھەرێمی كوردستان ئەوەیە كە سەردانی بەرەكانی جەنگ و ھەروەھا كەمپی پەنابەران بكات تا لە نزیكەوە زانیاری كۆبكاتەوە و بتوانێت چەند پرۆژەیەكی ھونەری لە ھەرێم ئەنجامبدات.
ھونەرمەندی ناسراوی ئەمریكی پراس مایكڵ بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ئامانجی سەردانی من بۆ ئەوەیە كە لە نزیكەوە رەوشی پەنابەران لە ھەرێمی كوردستان بزانم كە نزیكەی دوو ملیون ئاوارە بە ھۆی شەڕی تێرۆر لە ھەرێم نشتەجێ بوون، ھەروەھا لە ئەمریكا زۆر كەس زانیاری تەواویان لە سەر كورد نییە و زۆر ھونەرمەندی ئەمریكیش ئاگاداری كورد نیین و پێویستە لە ئێستادا زانیارییان ھەبێت. ئامانجێكی دیكەم ئەوەیە كە دەمەوێت رۆشنایی بخەمە سەر ئەو پرسەی كە پێشمەرگەی كوردستان ھێزێكی گەورەیە و لە دژی تیرۆر لە بەرخودان دایە و من ئەو شتانە بە چاوی خۆی دەبینم و دەگەرێمەوە ئەمریكا و ھەمووی باس دەكەم".
ھەروەھا مایكڵ گوتی: "ئەو شتانەی لە كوردستان روودەدەن ئێمە لە میدیای ئەمریكی دەیبینین بەڵام بەپێی پێویست نییە ئێمە زیاتر و لە نزیك رەنج و ئازاریان دەبینین و بیرۆكەم ھەیە فیلمێكی دیكۆمێنتاری درووست بكەم لە كوردستان كە باشترین شوێنە بۆ كارەكەم".
مایكڵ گوتیشی: "كورد خاوەنی مێژووییەكی دێرینە و من دەمەوێت مۆزیك و خواردنی کورد فێربم و ھەروەھا لەوانەیە فیلمەكەم پەیوەندی بە ئاوارەكانی ھایتی و كوردستانەوە ھەبێت".