Hemin Hüseyin
16 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەمال کەرکووکی سەبارەت بە بارودۆخی کەرکووک رایگەیاند کە لەگەڵ ئەوەدان دەسەڵاتی مەدەنی بگەڕێتەوە کەرکووک و بارودۆخ ئاسایی بکرێتەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە تا ئێستا، نەجمەددین کەریم پارێزگاری شەرعی کەرکووکە و پێشی وایە کە تا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، پێویستە کەسێکی بێلایەن پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت.
کەمال کەرکووکی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆچوونمان ئەوەیە کە بارودۆخەکە ئاسایی بێتەوە و حوکمی مەدەنی لە کەرکووک بێت و سوپا لەناو شار نەبێت و ئەو چەکدارە زۆرەی لە کەرکووک هەیە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ناو شارەکە رادەستی پۆلیس بکرێت و سەرجەم پێکهاتەکان رۆڵی خۆیان ببینن بەپێی ئەو رێژەیەی لە ئەنجوومەن دیاریکراوە".
کەمال کەرکووکی گوتیشی: "دوای ئەوەی دۆخەکە ئاساییکرایەوە، پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگا بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و تا ئێستاش بە شێوەیەکی یاسایی، دکتۆر نەجمەددین کەریم پارێزگاری شەرعی کەرکووکەوە و ئەگەر خۆی نەیەوێت بەردەوام بێت، ئەوا دەبێت دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکات و بڕیاری لەسەر بدرێت".
لەبارەی بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک، کەمال کەرکووکی گوتی: "بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە لەم باردۆخەی ئێستا تا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، کەسێکی بێلایەن پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەڕێوەببات، کەرکووک بۆ هەموو پێکهاتە و لایەنەکانە و دەمانەوێت لەوێ یاسا سەروەربێت و هەموو لایەک بێ گرفت بژین، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوەنین کە ئەم پۆستە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت، بەڵکو پێویستە یەکێکی شایستەی بۆ دابنرێت و پێموابێت هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە پارێزگارێکی بێلایەنی بەتوانا خزمەتی شارەکە بکات بەپێی دەستوور".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەمال کەرکووکی گوتیشی: "کەرکووک بارودۆخێکی خراپی بەسەر داهات لە لایەن باڵێکی خیانەتکاری ناو یەکێتی کە بوونە هۆکاری ئەوەی ئەو حاڵەتە دروست بێت و لە کەرکووک خەڵک کوژرا، کێ هۆکار بوو؟، بۆیە ئێمە وەکو پارتی دەمانەوێت هەموو خەڵکی کەرکووک بە ئارامی بژین و ئاسایش بەرقەرار بێت و دەمانەوێت ئەوەی سەرپێچی یاساییکرد، دادگایی بکرێت".
لەبارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆی لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەمال کەرکووکی دەڵێت "پارتی زۆرترین کورسی پەرلەمانیی بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی کوردستان، لەبەر ئەوە ئیستا لیژنەیەکمان هەیە بۆ دیالۆگ لەگەڵ لایەنەکان و تەمەننا دەکەین کە زوو حکوومەت پێکبێت و ئەگەر هەرلایەنێکیش بەپێی قەبارەی خۆی بەشدار دەبێت، ئێمە پێمان خۆشە، ریز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەگرین کە بەقەد ٤٥ کورسی دەنگیان بە پارتی داوە و رێز لەو خەڵکەش دەگرین کە دەنگیان بەلایەنەکانی دیکە داوە".
لە حکوومەتی نوێی عێراق لە کۆی هەشت وەزارەتی یەکلایی نەبووەوە، چوار وەزارەتیان کێشەیان هەیە و دەنگۆ لەسەر وەزارەتی داد و کۆچ و کۆچبەران هەیە کە لە نێوان پارتی و یەکێتیی یەکلایی نەبووەتەوە و ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پۆستانە لەسەر بنەمای خاڵ بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دابەش دەکرێت و راشیدەگەیەنێت کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خاڵەکانی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرکۆمار بەکارهێناوە و گوتی: "پێویست ناکات ئێمە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر بەغدا قسە بکەین، چونکە ئەو عورفەی هەبوو لە لایەن یەکێتیەوە شکێندرا، ئەوان خاڵەکانی خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار بەکارهێناوە، ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا قسەمان کردووە و پشتگیری عادل عەبدولمەهدی دەکەین کە بە عەدالەتەوە پۆستەکان دابەش بکات".