کەرکووک
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، دەرباز محەمەد لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم و بەرپرسانی باڵای ئەو شارە کۆبووەوە.
دەرباز محەمەد و نەجمەدین کەریم لە دوای کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی تاوتوێی بارودۆخی پەنابەرانیان لە کەرکووک کرد و پاشان کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان رێکخست.
دەرباز محەمەد رایگەیاند کە شاری کەرکووک پێشوازی لە ھەزاران پەنابەر کردووە لە پاڵ ئەمەشدا گوتی: "ئێمە لە ھۆشداری ئەوە داین کە ئەم بارودۆخە کێشەی دروست کردووە، ھاوکات لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی ئەم بابەتەمان کردووە، نیوەی دانیشتوانی شاری کەرکووک لە پەنابەران پێکھاتووە، ئەمەش بارگرانی خستووەتە سەر شارەکە".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکراشی کرد کە ئەوان ھەموو ھەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزنەوە.
لەلایەکی دیکەوە پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم رایگەیاند کە کەرکووک لە ژێر بارگرانییەکی زۆری پەنابەران دایە. ناوبراو گوتیشی: "بەپێی تۆمارەکانی فەرمی، ٨١ ھەزار خێزانی پەنابەر لە شارەکەمان بوونی ھەیە، ئەمەش وا دەردەخات کە ژمارەی پەنابەرانی ئەو شارە لە سەرەوەی ٤٠٠ ھەزارە".
دکتۆر نەجمەدین ئیشارەتی بەوە دا کە سەرەڕای گەیشتنی ھاوکارییەکانی مرۆیی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەڵام دانیشتوانی کەرکووک، پاڵپشتی خۆیان بۆ پەنابەران پێشکەشکردووە، ناوبراو لە درێژەدا گوتیشی: "لێرەوە دەمەوێت بانگھێشتی حکوومەتی ناوەندی بکەم بۆ ئەوەی ئەو پەنابەرانەی کە ناوچەکانیان رزگارکراوە، بنێرێتەوە شوێنی خۆیان".
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، نزیکەی دوو ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار کەس لە سەرانسەری عێراق ماڵەکانی خۆیان جێھێشتووە، ھاوکات خەڵکی ناوچەکانی سەڵاحەدین و مووسڵ، ئەنبار، دیالە وەک پەنابەر روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە.