Heman Hussein Yaseen
03 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2022
هەولێر - AA
رۆژی شەممەی داهاتوو، پێنجی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان کۆنگرەی ١٢هەمینی خۆی بە بەشداری نزیکەی ٦٠٠ کەس لە شاری هەولێر ئەنجام دەدات و تا ئێستاش یەک کەس خۆی بۆ پۆستی رابەری گشتیی بەربژێر کردووە و گوتەبێژی کۆنگرەکەی ١٢هەمینی بزووتنەوەی ئیسلامیی رایدەگەیەنێت کە ئەگەری زۆرە لە کۆنگرەکەدا، داوا لە رابەری گشتیی ئێستای بزووتنەوەی ئیسلامی بکرێت، جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی رابەری گشتیی بەربژێر بکاتەوە.
بزووتنەوەی ئیسلامی لەسەرەتای دروستبوونییەوە لە ساڵی ١٩٨٧ تا ئێستا ھەر چوار ساڵێک کۆنگرەی خۆی بەستووە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیش بڕیاربوو تەمووزی ساڵی رابردوو، کۆنگرەی ١٢هەمینی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزی کۆنگرەکە دواخرا بۆ ساڵی ٢٠٢٢.
گوتەبێژی کۆنگرەی ١٢هەمینی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەحسەن حەسەن لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ئامادەکاریی و ئەنجامدانی کۆنگرەکە گوتی: "بزووتنەوەی ئیسلامیی بڕیاری خۆیداوە کە رۆژی پێنجی مانگ کۆنگرەی ١٢هەمینی خۆی ئەنجام بدات و رێکارەکان تەواوبووە و ئومێد دەکەین، کۆنگرەکە ببێتە دەروازەیەک بۆ بەرووپێشبردنی ئەرک و کارەکانی بزووتنەوە و ئەو گۆڕانکارییەی کە هەنگاوی بۆ هەڵێنراوە، ئەو تێبینی و سەرنجانەی لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا کە نەمانتوانیوە وەکو پێویست کاری لەسەر بکەین، ئومێد دەکەین بەمجۆرە بێت کە خەڵکی ئیسلامیخواز تموحی باشی پێی هەیە، ئەو کەسانەیشی کە دێنە ناو کۆنگرە خەڵکێکی رۆشنبیرن و بەرچاوڕوونیمان پێداون".
ئەحسەن حەسەن لەبارەی ئەوەی ئەندامانی کۆنگرە لەسەر چ بنەمایەک هەڵبژێردراون گوتی: "دیارە ئەنجوومەنی شورای ناوەندیی بزووتنەوەی ئیسلامیی بڕیاری بۆ داون کە ناوەکان لە ئاستی ئۆرگانەکان بە لیژنەکانی کۆنگرە دراون کە ئەویش خۆی لە ئەندامی مەڵبەند و ئەندامی مەکتەب و هەندێک ئۆرگانی دیکە دەبینێتەوە".
گوتەبێژی کۆنگرەی ١٢هەمینی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بە رۆڵ و بەشداریی ژنان لە کۆنگرەکە کرد و گوتی: "بەڕێژەی سەدا ٢٥ی خوشکان بەشدارن، بێگومان خوشکانیش هاوشانی برایانمان رۆڵ و کاریگەریان هەیە لە پڕۆسەی سیاسییدا".
رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان، عیرفان عەبدولعەزیز کە ماوەی دووخول پۆستی رابەری گشتیی وەرگرتووە و بەپێی پەیڕەوی حزبەکەش ناوبراو ناتوانێت خۆی بۆ سێیەمجار کاندید بکاتەوە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووش ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید ناکاتەوە و سەنتەرێکی توێژینەوە بەڕێوە دەبات، هەر بۆیەش تا ئێستا تەنها بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی، کامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی بەربژێر کردووە و بەپێی یاساش دەبێت بەربژێر ٥٠+١ی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بەدەستبهێنێت و لەکاتی بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویستیش پێویستە کۆنگرە بڕیاری دیکەی هەبێت و لەمبارەیەوە ئەحسەن حەسەن دەڵێت: "لەدوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شورا، دیارە ئەو رێژەیە دیاریی کراوە کە هەر کەسێک خۆی کاندید دەکات بۆ پۆستی رابەری گشتیی دەبێت لەسەدا ٥١ی دەنگەکانی کۆنگرە بەدەستبهێنێت، ئەگەرنا ئەوکات دەرگایەکی یاسایی دەکرێتەوە و دەبێت ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە، هەرچەندە رایەکی گشتیی دروست بووە کە رابەری گشتیی ئیستای بزووتنەوە مامۆستا عیرفان عەبدولعەزیز خۆی کاندید بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا خۆی راینەگەیاندووە، پێموایە لە داخلی کۆنگرەدا ئەو تەکلیفە لە مامۆستا عیرفان بکرێتەوە کە جارێکی دیکە پۆستەکە وەربگرێتەوە".
گوتەبێژی کۆنگرەی ١٢هەمینی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەحسەن حەسەن گوتیشی: "کۆنگرە دەسەڵاتی باڵای هەیە، ئەوەش بڕیارێکی کۆنکرێتی نییە، ئەگەر سەرنجێک یان بابەتێک هەبێت ئەوا لە کۆنگرەدا چاوخشاندنێک بەسەر ئەو بابەتانەدا دەکرێتەوە".
لە کۆنگرەی رابردوودا، بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی بزووتنەوەی ئیسلامی رەخنەیان ئاراستەی حزبەکەیان کرد بەهۆی شێوازی هەڵبژاردنی بەرپرسی مەڵبەندەکان و لەبارەی شێوازی ئەمجارەش، ئەحسەن حەسەن رایگەیاند: "راستە لە رابردوودا ئەو سەرنجە هەبوو، بزووتنەوە دەستپێشخەری کرد کە کۆنفڕانسی ناوچەیی بکرێتەوە و ئەو کەسانەی کە خۆیان کاندید دەکەن دەبێت خەڵکی شارەکەبن، لەوێ دەنگی پێویستی کۆنفڕانس، هەروەها دەنگی کۆنگرەش بەدەستبهێنن، پێموایە ئەمە شتێکی باشە".
گوتەبێژی کۆنگرەی ١٢هەمینی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەحسەن حەسەن لەبارەی پەیوەندی بزووتنەوەی ئیسلامیی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و شوێنی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا، گوتی: "بزووتنەوەی ئیسلامی حاڵەتێکی جەماوەریی و پێویست بووە، کاتێک کە دروست بووە و تا ئێستا پەیوەندییەکی باشی هەبووە لەگەڵ هەموو لایەنەکان، بەڵام زۆر جاریش لەمپەر خراوەتە بەردەم بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ ئەوەی نەتوانێت وەکو پێویست دەنگی بگەیەنێتە دەرەوەی خۆی و هیوادارین لەدوای ئەم کۆنگرەیە بتوانین سەرکردایەتی داهاتووی بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەو بابەتە بەهەند وەربگرێت".
بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستانی عێراق یەکەم حزبی ئیسلامی چەکدارە کە لە ساڵی ١٩٨٧ لە کوردستانی عێراق دامەزراوە و بە فەرمی راگەیەندراوە و لە ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ بزووتنەوەی راپەڕین یەکیان گرت کە مەلا سدیق سەرکردایەتی دەکرد و بزووتنەوەی یەکبوون-یان راگەیاند، بەڵام زۆری نەخایاند و بزووتنەوەی یەکبوون دابەش بوو و بوو بە سێ پارتی ئیسلامی (بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی و ئەنسارو لئیسلام).
03.02.2022 کۆنگرەی ١٢هەمینی بزووتنەوەی ئیسلامی بە بەشداری ٦٠٠ کەس بەڕێوەدەچێت
- بزووتنەوەی ئیسلامی هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە تا ئێستا ھەر چوار ساڵێک کۆنگرەی خۆی بەستووە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیش بڕیاربوو تەمووزی ساڵی رابردوو، کۆنگرەی ١٢هەمینی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنگرەکە دواخرا بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو.