ئەمڕۆ سێ شەممە لە ھۆڵی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیونی گۆڕان راپۆرتێکی تایبەت بە نەمانی پارە لە بانکەکانی ھەرێم و قەیرانی دارایی بودجەی پارێزگای سلێمانی بلاو کردەوە.
لە کۆنفرانسەکە عەلی حەمە سالح پەرلەمانتاری گۆڕان ئەو رەوشەی بە قەیران ناو برد و گوتی: "بەهۆی نەبوونی پلان لە پرۆژە یاسای ساڵانە بودجەی ھەرێمی کوردستان،گرفت دروست دەکا و بۆ پڕکردنەوەی کورت ھێنانەکانی دارایی. پەنا بە داهاتی دیکە دەبرێ ئەمەیش قەیرانی داریی دروست دەکا."
عەلی ھەروەھا گوتی: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠١٢ دوو تریلیۆن و ٣٣ ملیار دینار قەرزار بووە بەھۆی خەرجییەکانی ساڵی ٢٠١١ و خەرجی پلان بۆ دانرو لە ساڵی ٢٠١٢ دوو تریلیۆن و ٤٤ملیار زیاتر بووە لە داھاتی پلان بۆدانراو. ساڵی ٢٠١٣ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ٨٨٥ ملیار دینار کورتی ھێناوە بە جورێک پێنج تریلیۆن و ٩٦٢ملیار دینار لە سێ ساڵی رابردوو دا ھەرێم کورت ھێنانی دارایی ھەبووە."
پەرلەمانتاری گۆڕان دەڵێ حکومەتی ھەرێم پەنا بۆ پارەی پرۆژەکانی وەبەرھێنان دەبا کاتێ دووچاری کورت هێنانی بودجە دەبێ، ئەمەیش وایکردووە ٥٠% پارەی پرۆژەکان خەرج نەکرێ. ھەروەھا خەرجکردنی داهاتی نەوت بەبێ ئەوەی لە بودجەدا ناوی ئەو داهاتە بهێنرێ.
فراکسیۆنی گۆڕان ئاشکرایکرد: لە ساڵی ٢٠١٣دا نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دابینکراوە بۆ بودجەی پارێزگای سلێمانی، بۆیە ئێستا کورت ھێنانی دارایی ھەیە.
فراکسیۆنەکە رایگەیاندووە: تا موچەی پێشمەرگە نەدرێ، ئەوان ئامادە نین موچەی پەرلەمانتاری وەربگرن.
عومەر حاجی عینایەت لە کونگرەکەدا گوتی: "لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی کابینەی شەشەم، داوا کراوە حیسابێک بۆ پاراستنی ژینگە لە حیساب بانکی کوردستان هەبێ و حیسابێکیش بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی نەوت هەبێ. خەرجکردنی پارەی داهاتی نەوت لە دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانە سروشتییەکاندایە."