سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مۆن لە ھەولێر سەردانی کەمپی پەنابەرانی سوریای كرد، دواتر لەگەڵ ھەریەکە لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کۆ بووەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیکییەوە بەدەست خراون، لە میانی ئەو کۆبوونەوانەدا کە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجامدراوە، کاربەدەستانی ھەرێمی کوردستان داوای ناردنی ھاوکارییەکی زۆرتریان بۆ ئاوارەکانی سوریا کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوانەدا مەسعود بارزانی باسی ئەو ھەنگاوانەی کردووە کە دەبێ لە کەمپەکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک جێبەجێ بکرێن.
بان کی مۆن ئاماژەی بەوە کردووە وەکو یەکەمین ھاوکاری بۆ ئاوارەکانی سوریا کە ژمارەیان دەگاتە ٢٠٠ ھەزار کەس بڕی ٤٢ ملیار دۆلاریان تەرخان کردووە و بۆ پێشکەش کردنی ھاوکاری زیاتر وەکو سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ھەوڵدانەکانی خۆیان بەردەوام دەکەن.