Hemin Hüseyin
08 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2016
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر لە کۆنفڕانسەکەدا گوتی: "بە مەبەستی هۆشیاری دژبە گەندەڵی و ناساندنی ئەو رێککەوتننامەیە لەسەر ئاستی جیهانی کە لە ساڵی 2005 کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ئێستادا 174 وڵات تێیدا ئەندامن و عێراق لە ساڵی 2007 بە یاسا ئەو رێککەوتننامەیەی پەسەند کرد کە یاساکەشی لە پەرلەمانی عێراقی دەرچووە".
ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: "تا ئێستا بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ٤٢ دۆسیەمان رەوانەی دادگاکان کردووە بۆ سزادانی تۆمەتباران و لەگەڵ ئەوەشدا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کاتێکی زۆری پێویستە و لە هەمانکاتدا ژمارەیەکی کەم لە میدیاکان و دەزگاکانی راگەیاندن هاوکاربوون بۆ ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی".
ماوەی دوو ساڵ دەبێت دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان فۆڕمێکی تایبەتی هەیە سەبارەت بە ئاشکراکردنی سامانی بەرپرسان کە ئەوەش جۆرێکە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و سەرۆکی ئەو دەستەیە ئاماژە بەوە دەکات کە فۆڕمەکان دوای پڕکردنەوەی زانییارییەکان لەلایەن بەرپرسەکان گەڕێنراوەتەوە بۆ دەستەی دەستپاکی و زیاتر لە ساڵێک دەبێت کار لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسی ستراتیجیەتی دژبە گەندەڵی دەکەین و گوتی: "ساڵی 2014 فۆڕمەکانمان بەسەر بەرپرسەکان دابەش کرد بۆ ئەوەی سەروەت و سامانی خۆیانی تێدا بنووسن و خۆشبەختانە ئێستا سەدا 99ی فۆڕمەکان گەڕێنراوەتەوە بۆ دەستەکەمان و تا ئێستاش وردبینیکردنی فۆڕمەکان بەردەوامە".
دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: "ئەگەر کەسێکی پلە تایبەت بە شێوەیەکی کاتی راسپێردابوو وەکو وەزیر پەرلەمانتار ئەوا دەبێت ساڵی یەکەم و دووەم فۆڕمەکە پڕ بکاتەوە، ئەگەریش بە شێوەیەکی هەمیشەیی بێت ئەوا دەبێت سێ ساڵ جارێک ئەو فۆڕمە پڕ بکاتەوە".
هەر لە کۆنفڕانسەکەدا گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی خوێندرایەوە کە تێیدا تیشکی خستە هۆکاری دەرچوونی یاسای دژە گەندەڵی و پشتگیری خۆی بە دەستەی دەستپاکی هەرێم دەربڕی و گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەرچوونی یاسای دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان و دامەزراندن و دەستبەکاربوونی ئەم دەستەیە بە ھەنگاوێکی گەورەی ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان لە قەڵەم دەدات لە پێناو سەرکەوتنی ئەرکەکانیشیدا ئامادەییی ئەوپەڕی ھەماھەنگی و ھاوکاری و پشتگیری بۆ دەستەی دەستپاکی و کارەکانی، ھەروەھا بۆ ھەموو دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکەی وەک دیوانی چاودێریی دارایی دووپات دەکاتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەفین دزەیی گوتی: "گەندەڵی کە پەتایەکی جیھانییە و تەنیا بە شوێن و جوگرافییەکی دیاریکراوەوە پەیوەست نییە لە کۆمەڵگە مامناوەندی و پێشکەوتووەکانی مرۆڤایەتیشدا بە ئاست و شێوازی جیابوونی ھەبووە و ھەیە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان و تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵات و حکوومەتەکان و وڵاتان دروست کردووە. لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا بەپێی ئاستی پێشکەوتنیان کە دامودەزگا و دامەزراوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە ھەموو شێوازەکانی دروست بوون، بەڵام دوایین جار کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار بوو کە بە شێوەیەکی رێکخراوتر و تۆکمەتر رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٣١ی ئازاری ٢٠٠٣دا رێککەوتنامەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پەسەند کرد کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەمەش بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەسەر ئاستی جیھان، مەودایێکی فراوانتری نێودەوڵەتی وەرگرت".
دزەیی گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە پێی وایە پرسی گەندەڵی دەرھاویشتەی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کارگێڕییە، ماوەیەکی درێژە لە ھەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی بە ھەموو شێوەیەک رووبەڕووی ببێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش بەرنامەیەکی چاکسازی دەستی پێکردووە کە لە سێ قۆناغی دەستپێکی و مامناوەندی و درێژخایەندا کاریگەرییەکی راستەقینەی بۆ نەھێشتنی گەندەڵی دەبێت و ئەم بەرنامەیە لەسەر بنەمای چاکسازی لە بوارەکانی دارایی، کارگێڕیی دارایی و کارگێڕی بەگشتی، لەگەڵ دەستەبەرکردنی زیاتری شەفافیەت ئامادە کراوە، چەند قۆناغێکی گرنگیش لەم بەرنامەیە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کرد و گوتی: "حکوومەت پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری خستە بواری جێبەجێکردنەوە، تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە کە تا ئێستا لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان باش بەڕێوە دەڕوات، بە شێوەیەکی کارا رێ لەبەردەم چەند مووچەیی و بندیوار و چەندین کەموکوڕیی دیکەی پەیوەست بە مووچە و لیستەکانی مووچەوە دەگرێت و بەپێی تازەترین تەکنەلۆجیای ئەم بوارە، ئیتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار دەبێتە خاوەنی لیستی راستەقینەی کارمەندان و مووچەخۆران و ھەموو ئەوانەی چ بە ناوی مووچە، یان بە ھەر ناوێکی دیکەوە بێت، پارە لە حکوومەت وەردەگرن، ئەمە ھاوکارییەکی زۆر گەورەی حکوومەت دەکات بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانێت لیستەکانی پاک بکاتەوە".
سەفین دزەیی گوتیشی: "ھەر لە چوارچێوەی چاکسازییە دارایی و کارگێڕییەکانیدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتگیریی دارایی بۆ کەرتی کارەبا و سووتەمەنی راوەستاند و لەپێناو بەڕێوەبردنێکی باشتر و کاراتری ئەم بوارەش، حکوومەت وەک لە زۆر لە وڵاتە پێشکەوتوواندا ھەیە، ئەم دوو بوارە دەداتە کەرتی تایبەت تاکو لەژێڕ چاودێری و سەرپەرشتیی حکوومەتدا بە شێوەیەک لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیاندا بێت، بەڕێوە ببرێن و لەسەر حکوومەت و بوودجەی گشتی نەبنە بارقوسی. ئەمە وێڕای ھەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەت بۆ بچووککردنەوەی پەیکەری کارگێڕیی حکوومەت و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داھاتەکان".
لە گوتەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بە گرێبەستەکانی بواری نەوت کراوە وەک گرێبەستێکی شەفاف و لەمبارەیەوە سەفین دزەیی گوتی: "دابینکردن و دەستەبەرکردنی زیاتری شەفافیەت، یەکێک لە ھەنگاوە ھەرە گرنگ و کاریگەرکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، لەم بوارەشدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵیداوە شەفافیەتێکی زیاتر دەستەبەر بکات، دوایین ھەنگاوەکانی حکوومەتیش لەم بوارەدا مۆرکردنی گرێبەست بوو لەگەڵ دوو کۆمپانیای باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتی کە لە ئاستی جیھان و بواری دابینکردنی شەفافیەتدا ناوی باوەڕپێکراون و ئەزموونێکی سەرکەوتوویان ھەیە و دوو لە چوار ناسراوترین و باوەڕپێکراوترین کۆمپانیاکانی بواری وردبینین کە لە رێگای پرۆسەیەکی یاسایی و کارگێڕیی شەفافەوە، گرێبەستی کارکردنییان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەدەست ھێنا تاکو وردبینی لە تەواوی ژمارەکانی دەرھێنان و بەرھەمھێنان و فرۆش و داھاتی نەوت و غاز لە ھەرێمی کوردستان بکەن".
لە کۆتایی گوتەکەیدا گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتیکردەوە کە حکوومەت ئامادەی هەموو هاوکاریی و ئاسانکاریی و هەماهەنگییەکە لەگەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی و هەموولایەنە پەیوەندارەکانی دیکە لەپێناو دەستەبەرکردنی شەفافیەتێکی زیاتر و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە ھەموو شێوازەکانی.
جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2011 یاسای دەستەی دەستپاکی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، دواتر لە 14/4/2013 سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتی ساڵی 2014 فۆڕمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکانی بەسەر بەرپرسە باڵاکان دابەشکرد و بە گوتەی سەرۆکی ئەو دەستەیەش ئەو دابەشکردنە سەدا 99 سەرکەوتوو بووە.