ھەولێر
ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد خەلیل ئیبراھیم بە AA ی گوتی: " بڕیاری دواخستنی کۆنگرە نەتەوەیی کورد ، پەیوەندی بەھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەبووە. لە ماوەی ھەڵبژاردن کارەکانی کۆنگرە خاوبوویەوە، پاشان بڕیاربوو ٨ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی ئامادەکاری ئەنجامبدرێ ، بەڵام سکرتاریەتی کۆنگرە بەبێ ئەوەی ئێمە ئاگاداربکاتەوە، دانیشتنەکەی دواخست. کاتێکی کەم ماوە، ئەگەر بەجدی کار نەکرێ رۆژی ٢٥ی ١١ی ئەمساڵیش کۆنگرە ئەنجامنادرێ."
لەبەردەوامی قسەکانیدا خەلیل ئیبراھیم گوتی: "کاری ھەرە گرینگ رێکەوتنی لایەنەکانە لەسەر چۆنیەتی بانگھێشتکردنی ٦٠٠ کەس بۆ کۆنگرە و دەبێ بزانین پارچەکانی کوردستان چەند ئەندامیان بەردەکەوێ و کێن ئەوکەسانە بانگھێشت دەکرێن، بەچی پێوەرێک کەسەکان دیاری دەکرێن. ھەروەھا میکانیزمەکانی مۆدێلی کۆنگرە و دانانی چۆنیەتی سیستەمی سەرۆکایەتی کۆنگرە و بانگھێشتکردنی ٣٠٠ میوان، پێویستی بەدانیشتن و گفتوگۆیە کەچی تا ئێستا ھیچ نەکراوە."
ئەو ئەندامەی لێژنەی ئامادەکاری یەکەم کۆنگرەی نەتەوەیی کورد گوتیشی: "سکرتاریەتی کۆنگرە لە دواخستنی وادەکان بۆ ئامادەکاری کۆنگرە بەرپرسیارە بەتایبەتی یەکێتی و پارتی و پەکەکە، ئەگەر ئەوان بەئارەزووی خۆیان یاری بەکاتەکان بکەن ئێمەش قسەی خۆمان دەبێ."
ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی خەلیل ئیبراھیم ھەروەھا دەڵێ: "خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا کاریگەری لەسەر دواخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەبێت، لەبەرئەوەی یەکێک لەھۆکارەکانی باسکردنی بەستنی کۆنگەری نەتەوەیی کورد، باشبوونی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ حکومەتی تورکیا بوو."
ئیبراھیم گوتیشی: "ئێمە کەس تۆمەتبار ناکەین، بەڵام من نایشارمە جدیەت نیە و خاویەک لەلایەن ئامادەکارانی کۆنگرەکە بەدی دەکرێ ئەوەش ئەگەری بەستنی کۆنگرە لە ئان و ساتی ئێستا ئەستەم دەکات."
شرۆڤەکاری سیاسی مەسعود عەبدولخالق لە بارەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد گوتی: "پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق زۆر دەخایەنێ و بەدووریشی نازانم کاریگەری لەسەر بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی کورد ھەبێ. پێویستە حزبە سیاسیەکان بەرژەوەندی نەتەوەی کورد نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی حزبی و نابێ پێکھێنانی کابینەی نوێآ حکومەتی ھەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر کۆنگرەی نەتەوەیی ھەبێ."
عەبدولخالق گوتیشی: "پێشتر پارتی و پەکەکە لەسەر میکانزمی سەرۆکایەتی رێکنەکەوتن، ئەوەش بووە ھۆی دواخستنی کۆنگرەکە ئەگەر ئەم حزبانە بەرژەوەندیەکانی خۆیان وەلا نەنێن ئاکامێکی خراپی بۆ سەر دۆزی نەتەوەی کورد دەبێ."
لەمانگی ٧ی ئەمساڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لەگەڵ ٣٩ حیزب کە لە ٦٠ ئەندام و کەسایەتی کورد پێکھاتبوون، گفتوگۆیان سەبارەت بەکۆنگرەی نەتەوەی کورد کرد و رۆژانی ٢٢ی مانگی ٧ تا کۆتایی مانگی ٨ بۆ بەستنی کۆنگرە دیاریکرا ، پاشان لیژنەیەکی ئامادەکاری کۆنگرە لە ٢١ کەس پێکھێنرا، بەھۆی کاری زۆر و ئامادەکاریەکی پێویست بۆ کۆنگرە، بڕیاردرا رۆژی بەستنی کۆنگرە بۆ ١٥ی ئەیلول دوابخرێت.
دواتر ئەندامانی ئامادەکاری کۆنگرە ٨ کۆمیسیۆنییان پێکھێنا لەوانە کۆمیسۆنی پاراستنی مافی رەوا. پرەنسیپە ھاوبەشەکان. سیاسی. کۆمەڵگەی ئازاد. ئابووری. ژینگە. کلتور و زمان. راگەیاندن.