باكوو
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار لەئازەربایجان دەستیپێکرد و خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ جاری حەوتەم سەرکۆماری خۆی ھەڵدەبژێرێ.
لەمبارەیەوە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی ئازەربایجان رایگەیاند: "لەھەڵبژاردنی ئەمڕۆدا بێجگە لە سەرکۆماری پێشوو ئیلھام عەلیێف پێنج پاڵێوراوی دیکە بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرکۆماری لە کێبڕکێدان."
کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی ئازەربایجان روونیکردەوە پێنج ملیۆن و ١٤٥ ھەزار کەس مافی دەنگدانیان ھەیە و بۆ باشتر بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بە گشتی پێنج ھەزار و ٤٩١ سندوق دانراون.
بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن ٥٢ ھەزار چاودێری ناوخۆیی و ٣٠٠ چاودێر لە سەد وڵاتی بیانی چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان دەکەن.