قودس
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆن کێری بۆ نەھێشتنی نیگەرانیەکانی ئیسرائیل لەبارەی رێکەوتنامەی جنێڤ لەنێوان ئێران و کۆمەڵەی ٥ +١، دوێنێ گەیشتە ئیسرائیل و لە کۆشکی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە قودس لەگەڵ بنیامین نەتەنیاھۆی سەرۆکوەزیران کۆبوویەوە.
نەتەنیاھۆ و کێری دوای کۆبوونەوەیەک کە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجام دا.
لە کۆنگرەکەدا نەتەنیاھۆ گوتی "دوو بابەتی سەرەکیمان تاوتوێ کرد، یەکەمیان بەرنامەی ئەتۆمییە کە ئێران ھێشتاش لەسەری بەردەوامە، ھیوامان وایە کە بە رێکەوتنێک کۆتایی بێ. ئەویتریشیان دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان بوو."
نەتەنیاھۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "دەمەوێ بڵێم کە ئیسرائیل ئامادەیە لە سەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی لەگەڵ فەلەستین رێک بکەوێ. من دڵنیام لایەنی ئیسرائیل پابەند دەبێ، ھیوادارم فەلەستینییەکانیش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە خاوەن بڕیار بن."
کێری ھەروەھا گوتی "بە بڕوای من گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین تا ئێستا قۆناغێکی باشیان بڕیوە."
دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نەتەنیاھۆ، کێری لەگەڵ سەرۆکی فەلەستین مەحموود عەباس کۆ بووەوە و لە بارەی دانوستانەکانی ئاشتی گفتوگۆیان کرد.
کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ڕامەڵا دوور لە چاوی رۆژنامەنووسان بەڕێوە چوو.