بەغدا
وەزیری دەرەوەی ئێران، جەواد زەریف لە کۆبوونەوە رۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری گوتی: "ئێمە لە بارەی پێشھاتەکانی سووریا، یەمەن، عێراق لەگەڵ چەند وڵاتێک خاوەنی بۆچوونی جیاوازین. بەڵام ئاسایشی ھەر وڵاتێک لە ناوچەکە بەقەد بەھای ئاسایشی ئێمەیە".
وەزیری دەرەوەی ئێران جەواد زەریف لەگەڵ ھاوتا عێراقییەکەی، ئیبراھیم جەعفەری لە ناوچەی سەوزی بەغدا کۆبوونەوە و لە دوای ئەمیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش رێکخرا.
وەزیری دەرەوەی ئێران، جەواد زەریف رایگەیاند کە رێککەوتنی ناوەکی کێشەیەکی دەستکردنی چارەسەر کردووە و ھاوکات جەختی لە بەھێزکردنی ھەماھەنگی و دۆستایەتی ناوچەکە کردووەتەوە".
زەریف راشیگەیاند کە "ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پاڵپشتی حکوومەت و گەلی عێراق دەبێت".
لەبارەی پرسیار رۆژنامەنووسێک پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ناوەکی و ھەڵوێستی بەشێک لە وڵاتانی کەنداو لەم بارەیەوە، زەریف گوتی: "من پێم وایە کە نابێت وڵاتانی کەنداو لەم رێککەوتنە بترسێن، ئەمە ئاشتی و ئاسایشی زیاتر بۆ ناوچەکە دەھێنێت".
زەریف ئاشکراشی کرد کە ھەرچەندە وڵاتەکەی خاوەنی بۆچوونی جیاوازە لەگەڵ بەشێک لە وڵاتان بەڵام ھەوڵ دەدات کە بابەتەکانی ناوچەکە تاوتوێی بکات. ناوبراو زیاتر گوتی: "یەکێک لەم بۆچوونە جیاوازانە، بەکارھێنانی ھێزە لە دەرەوەی سنوورەکان بۆ نموونە ئێمە سیاسەتی بەکارھێنانی ھێز لەلایەن سعوودیە بۆ سەر گەلی یەمەن رەتدەکەینەوە. ئەمە ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات. ئێمە ئامادەین لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی دیکە ئەم بابەتانە بە دیالۆگ چارەسەر بکەین".
ھاوکات زەریف پێش کۆبوونەوەکەی لە بەغدا سەردانی نەجەف و کەربەلای کردبوو، لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە، ئایەتوڵا عەلی سیستانی کۆبووەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیبراھیم جەعفەری لەبارەی رێککەوتنی ناوەکی ئێران رایگەیاند کە "ئەم چارەسەری کێشەی ناوەکی پەیوەست بوو بە ھەبوونی ئیرادەیەکی بەھێز، لەم قۆناغەش نزیکبوونەوەیەکی گرنگ ھاتە ئاراوە".
جەعفەری ھەڵسەنگاندنی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی داعش لە سووریا کرد و گوتی: "تورکیا خاوەنی پێگە و ئابوورییەکی بەھێزە، ھیوادارام ئیرادەی ئێمە و تورکیا یەکبگرێت، ئێمە ھاوشانی ھەر ھەنگاوێکی تورکیاین لەبارەی پاراستنی ئاسایشی تورکیا و عێراق".
جەعفەری راشیگەیاند کە "ئیرادەی بەرەنگاری بەسەر داعش سەردەکەوێت" و لە کۆتاییدا گوتی: "داعش بۆ یەکەم جار لە سووریا سەری ھەڵدا بەڵام دواتر بوو بە ھەڕەشە بۆ سەر هەموو جیھان".