هه‌ولێر /شوان سدیق
چه‌كدارانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام ناسراو به (داعش) چه‌ندین ته‌كتیكی شه‌ڕیان له دژی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌كارهێناوه، وه‌ك هێرشی چه‌ندكه‌سی و كۆمه‌ڵ و خۆكوژی و چاندنی بۆمب له ماڵ و رێگەکانی گشتیدا، هه‌روه‌ها خراپی كه‌شوهه‌واش. دواترین ته‌كتیكی ئه‌و رێكخراوه به‌ڕێگەی ئاوی هێرشیان كرده‌سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
ئه‌گه‌رچی هێزی پێشمه‌رگه له هه‌موو هێرشه‌كانی داعش خۆی به‌براوه زانیوه و وای ده‌بینێت چه‌كدارانی داعش به‌زیانی زۆره‌وه گه‌ڕاوه‌نه‌ته‌وه بۆ شوێنه‌كانیان به‌ڵام لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان، پێی وایه داعش له دوو ئۆپەراسیۆن زیانی به‌پێشمه‌رگه گه‌یاندووه، بۆیه پێویسته وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان میكانزمی نوێ بگرێته‌به‌ر.
له كۆتای ساڵی پار چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده‌سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له ناوچه‌ی ته‌لوه‌رد له رۆژئاوای كه‌ركووك، له‌و هێرشه ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش كوژران.
له به‌رامبه‌ردا پێشمه‌رگه‌ش زیانی زۆری پێ گه‌یشت. ئه‌و رووداوه له میدیاکانی كوردی و هه‌روه‌ها له ئاستی سیاسی و حزبیشدا لێكدانه‌وه‌ی زۆری بۆ كرا.
شه‌ڕی نێوان چه‌كدارانی داعش و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له ناحێیه‌ی گوێڕی سه‌ربه‌قه‌زای مه‌خموور له‌دوای رووداوی شه‌ڕی ته‌لوه‌رد زۆرترین لێكدانه‌وه و قسه‌كردنی هه‌ڵگرت.
دره‌نگانی شه‌وی 10ی ئه‌م مانگه ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش توانیان له رێی ئاوییەوە "دزه" بكه‌نه نێو ناحێیه‌ی گوێڕ له‌و هاتنه‌ناوه‌وه بۆ ناحیه‌كه زیانێكی زۆریان به‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئاسایشی نێوخۆی هه‌رێمی كوردستان گه‌یاند.
دوای چه‌ند سه‌عاتێك مانه‌وه‌یان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش كوژران و ئه‌وانی تریشیان ناحیه‌كه‌یان، جێ هێشت و به‌ره‌و ناوچه‌كانی ئه‌وبه‌ری زێی دیجله پاشه‌كشه‌یان كرد.
دوا به‌دوای ئه‌و رووداوه، له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و له‌ئاست میدیاكاندا كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا رووداوه‌كه‌ی گوێڕ بووه هۆی ماته‌مینی زۆرێك له هاووڵاتییانی كوردستان به‌تایبه‌تی هه‌ولێری پایته‌خت. چونكه زۆربه‌ی شه‌هید و برینداره‌كان دانیشتووی سنووری پارێزگای هه‌ولێر بوون.
سه‌باره‌ت به‌رووداوی گوێڕ، دوێنێ رۆژی دووشه‌ممه لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان، دانیشتنی نائاسایی ئه‌نجام دا و نامه‌یه‌كی چه‌ند خاڵی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ئه‌وه‌ی روونكردنه‌وه بده‌ن له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه.
له‌باره‌ی نێوه‌ڕۆكی نامه‌ی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه و شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید له په‌رله‌مانی كوردستان، جێگری سه‌رۆكی لیژنه دلێر مسته‌فا حه‌سه‌ن، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاند "یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كردووه، له رێگەی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، له‌باره‌ی رووداوی ته‌لوه‌رد له كه‌ركووك و ناحیه‌ی گوێڕ بووه كه به‌داخه‌وه زیانێكی زۆر به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه گه‌یشت".
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان، گوتیشی: "چه‌كدارانی داعش له‌و دوو رووداوه‌دا، سوودیان له ئاو و خراپی كه‌شوهه‌وای ناوچه‌كه وه‌رگرتووه".
دلێر حه‌سه‌ن باسیله‌وه‌شكرد ئه‌و رووداوانه هه‌ندێ نیشانه‌ی كه‌مته‌رخه‌میان پێوه دیاره، پێویسته وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه روونكردنه‌وه بده‌ن".
سه‌باره‌ت به رێگه چاره‌ی گونجاو بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه جێگری لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مان، گوتی: "له بڕیاری ژماره 9ی په‌رله‌ماندا گوتوومانه سیسته‌می به‌رگریمان پێویستی به پێداچوونه‌وه‌یه. هه‌موو پێداویستییه‌كانی شه‌ڕمان ئاماده نه‌كردووه له تاكتیكه‌كانی دوژمن شاره‌زا نه‌بووین، بۆیه زۆرجار سه‌ركه‌وتنه‌كانمان به قوربانییه‌كی زۆر ئه‌نجام ده‌درێت. پێویسته وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه پێداچوونه‌وه بكات ئێمه به‌له‌م و بۆمبی ئاویمان هه‌یه ده‌بێ له‌و شوێنانه ئه‌و چه‌ك و كه‌ره‌ستانه هه‌بن".
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مان، گوتیشی: "كه‌مته‌رخی به‌رپرسانی میحوه‌ری گوێڕ ئه‌وه بووه، هێزی ئاسایش و كارمه‌ندی تر له نزیك به‌ره‌كانی شه‌ڕ بوون، خۆی له راستیدا نه‌ده‌بوو ئه‌وه بكرێت".
له به‌شێكی تری نامه‌ی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌ك جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ئانادۆڵوی خسته‌ڕوو، داواكراوه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه جگه له روونكردنه‌وه له‌باره‌ی زه‌ره‌ر و زیانه‌كان، هه‌روه‌ها ده‌بێت كه‌سانی كه‌مته‌رخه‌میش سزا بدات.
وه‌ك دلێر مسته‌فا ده‌ڵێت: "ناكرێت ئێمه به‌رده‌وام قوربانییه‌كی زۆر بده‌ین، وڵاتانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل هه‌مووكارێك ده‌كه‌ن، له پێناو هاووڵاتییه‌كی خۆیان ئه‌ی ئێمه بۆ ئه‌وه نه‌كه‌ین، كه ئێستا دوژمن فرسه‌تی هێناوه، پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید و بریندار كردووه خه‌ڵكی ئه‌نفال كردووه، پێویسته پێداچوونه‌وه به هه‌ڵه و كهمتهرخهمییهكاندا بكرێت".
له به‌شێكی تری نامه‌ی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا هاتووه پێویسته وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه رێنمای پێویست ده‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دیلانه‌ی دوژمن، كه ده‌كه‌ونه ده‌ست هێزه‌كانی پێشمه‌رگه "سوكایه‌تی"یان پێ نه‌كرێت.
ده‌نگۆی گۆڕانكاری له به‌رپرسی میحوه‌ری گوێڕ بڵاو بووه‌ته‌وه. له‌و باره‌وه به‌رێوه‌به‌ری رۆشنبیری و راگه‌یاندن له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هه‌ڵگورد حیكمه‌ت رایگه‌یاند "تا ئێستا زانیارییه‌كی وه‌ها نییه ئه‌گه‌ر هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك بكرێت له میحوه‌ره‌كان. به‌تایبه‌تی میحوه‌ری گوێڕ بێگومان به‌ئاشكرا راده‌گه‌یه‌نرێت".