سلێمانی
ھێزە ئاسایشپارێزەکانی سلێمانی لەگەڵ دەستپێکردنی ھەڵمەتی بانگەشە، ئەرک و دەوامیان زۆربووەو رێژەیەکی زۆریان بەردەوام لەسەر شەقامەکانن، چونکە شەو بەشەو ھەڵمەتی بانگەشە لەشاری سلێمانی چڕتر دەبێتەوە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: بەشی زۆری کارمەندانی پۆلیس لەم مانگەدا بە بەردەوامی لەسەر شەقامەکاندا ئێشکدەگرن، ھەروەھا پۆلیسەکان راسپێردراون تەواو بێلایەن بن لەنێوان بانگەشەکاران و تەنیا پارێزگاریی ئەوانیان لەسەرشانە.
سەرکەوت گوتی " وەک پۆلیسی سلێمانی بێلایەنانە لەشەقام و کۆڵانەکانی شاردا ئەرکی پاراستنی رەوشی بانگەشەمان لەئەستۆیە، ئەرکی سەرەکی ئێمە پاراستنی ئارامی ئەو جێگایانەیە بانگەشەیان تێدا دەکرێ، ھەر پێشێلکارییەک روو بدات پۆلیسەکانمان لەسەر شەقامەکانن و ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن".
لەبارەی کێشەو ئاڵۆزییەکانی شەوانی بانگەشە، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: تا ئەمڕۆ چوارشەممە ھەڵمەتی بانگەشە بەبێ کێشەو گرفتی گەورە بەڕێوەچووەو ھیچ کام لەحیزب و لایەنە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن سکاڵایان لەدژی یەکتر تۆمار نەکردووە.
لەلایەکی دیکە ھاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی (کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان) بۆ AA گوتی " تا ئێستا لیژنەی وەرگرتنی سکاڵا لەئۆفیسەکەمان ٣٩ سەرپێچی تۆمارکردووە، بەڵام ھیچ کام لەحیزبەکان نەچوون لەو لیژنەیە سکاڵا تۆمار بکەن".
لەسەرەتای دەستپێکردنی ھەڵمەتی بانگەشە (لیژنەی ئەمنی سلێمانی) رایگەیاند تا سەعات ١١ی شەو روخسەت دەدەن بەخەڵک لەسەر شەقامەکان بانگەشە بکەن، لەوەو دوا وەکو سەرپێچی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، بەڵام لایەنگری لیستەکان گوێ بەو بڕیارە نادەن و تادرەنگانی شەو لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە.
لەسنوری پارێزگای سلێمانی شەش قەوارەی سیاسی، بەشداری ھەڵبژاردنەکە دەکەن و ٤٧٢ پاڵێوراویان ھەیە، ١٤٨ لەپاڵیۆراوەکان ژنن.