هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه یاریده‌ده‌ری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان(دیندار زێباری) له‌باره‌ی ره‌وشی په‌نابه‌رانی سوریا له‌كوردستان كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامهنوانیی سازكرد.
زێباری گوتی " له رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی رابردووه‌وه تا ئێستا نزیكه‌ی 50 هه‌زار په‌نابه‌ر له‌سوریاوه هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان، له‌و رێژه‌یه ته‌نیا 30 هه‌زاریان له‌سنووری پارێزگای سلێمانی نیشته‌جێ كراون، ئه‌وانی له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێرو دهۆك له‌چوار كه‌مپدا نیشته‌جێكراون".
دیندار له‌باره‌ی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی به‌و په‌نابه‌رانه رایگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 45 ملیۆن دۆلاری خه‌رجكردووه بۆ په‌نابه‌ران هه‌روه‌ها حكومه‌تی عێراقیش 15ملیار دیناری دابینكردووه بۆیان، زێباری ره‌خنه‌ی گرت له‌هاوكارییه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه ئه‌و خه‌مڵاندی به 2%.
زێباری ئاشكرایكرد 60% ئه‌و په‌نابه‌ره سورییانه‌ی چوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان، له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان ده‌ژین و بۆخۆیان به‌شوێن ده‌رفه‌تی كاردا ده‌گه‌ڕێن.
به‌و پێیه‌ی رۆژانه په‌نابه‌رانی سوریایی بۆ هه‌رێمی كوردستان زیاد ده‌كات، دیندار زێباری گوتی چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن تا كۆتایی ئه‌مساڵ رێژه‌ی په‌نابه‌ران بگاته 300 هه‌زار كه‌س له‌هه‌رێمی كوردستان.
به‌گوێره‌ی قسه‌ی یاریده‌ده‌ری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئێستا 200 هه‌زار په‌نابه‌ری سوریایی له‌هه‌رێمی كوردستاندان و حه‌فته‌ی پێشوو وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق رایگه‌یاندبوو 190 هه‌زار په‌نابه‌ری سوریایی له‌عێراقدا ده‌ژین و به‌شی هه‌ره زۆریان له‌هه‌رێمی كوردستاندان.