ههولێر - شوان سدیق
پەرلەمانی كوردستان، دووەم كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە وەرزی نوێ ئەنجام دا، لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا باسی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە.
ئەندامانی پەرلەمان بەگرنگی دەزانن پرسی سەرۆكایەتی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام لە قۆناغی ئێستا كە پەرلەمان خۆی لە پرسی سەرۆكایەتی نادات، پەیوەندی بەوەیە كە پێشتر دوو دانیشتنی لە 23ی حوزەیران و 19ی ئاب ئەنجام دا بەڵام پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی پێ یەكلایی نەكرایەوە.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی بۆ جاری هەشتەم لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت.
ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی سۆران عومەر بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند: "كاری پەرلەمانی كوردستان، یاساییە ئەگەر هەر دانیشتنێك بكرێت پێویستە نیسابی یاسایی تەواوببێت، بۆنموونە لە دانیشتنی 19ی ئاب لەبەرئەوەی نیسابی یاسایی تەواو نەبوو پەرلەمان نەیتوانی دانیشتنەكانی ئەنجام بدات، سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمیش ئەوە پرسێكی گرنگە ئەگەر لایەنەكان بگەنە بن بەست كە هێشتا رانەگەیەنراوە، ئەوكاتە ئەركی پەرلەمانە ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوە، ئەمەش پێویستی بە نیسابی یاسایی هەیە".
گوتیشی: "هەندێك لایەنی سیاسی لەپەرلەمانی كوردستان، هەوڵیانداوە كاروباری پەرلەمان وەك پێویست بەڕێوەنەچێت، ئێمە ئێستا تووشی ئەم گرفتە بووین بەڵام لەهەموو كاتێكدا پێمانوایە دەبێت كێشەكان لەپەرلەمان یەكلایی بكرێنەوە، كێ بڕوای پێیەتی دەنگی بۆ دەدات كێ بڕوای پێ نییە دەتوانێت دەنگی بۆ نەدات".
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مریەم سەمەد بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند: "چاوەڕوانی كۆبوونەوەی سبەی پێنجشەمە دەكەین وهیوادارین لایەنەكان بگەنە ئەنجام و چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە چاوەڕوانیدا نەبن".
گوتیشی: "ئەگەر لە كۆبوونەوەی ئەمجارەدا پێنج لایەنەكە رێك نەكەوتن، ئەوە شتێك نییە كە دەبێ ئیلا ئەوان رێك بكەون دیارە كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن، بەو هیوایەن چیتر كۆبوونەوەكان دوانەكەون و خەڵك لە چاوەڕوانیدا نەبن ئەوەندەش ئاگادارین كە شتی نوێ هاتوتە ناو كۆبوونەوەكان هیوادارین لایەنەكان بگەنە ئەنجام".
لەدانیشتنی رۆژی چوارشەممە كە تایبەت بوو بە یەیرەوی نێوخۆی پەرلەمان، بەشێك لەپەرلەمانتاران، پێشنیازی ئەوەیان كرد كە دەبێت پەرلەمان هەڵوێستی هەبێت سەبارەت بە قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم و قەیرانی دارایی و كۆچی گەنجان.
لە بەرامبەردا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، یوسف محەمەد هاوهەڵوێست بوو و رایگەیاند: "قەیرانی زۆر هەیە بەتایبەتی قەیرانی كۆچی گەنجان و قەیرانەكانی دیكەش، دیارە پێویستە پەرلەمان قسەی لەسەر بكات، لیژنەی وەرزش و لاوان راسپێدراوە كە راپۆرتی پێویست سەبارەت بە كۆچی گەنجان ئامادەبكات ئەگەر پێویست بكات، دانیشتنی نائاسایی ئەنجام دەدەین".