واشنتۆن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جین پساکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەندا دروستکردنی خانووی نوێ لە رۆژھەڵاتی قودس لە لایەن ئیسرائیلەوە بەتایبەت لە قۆناغی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا؛ کاریگەری خراپی لەسەر ئەو پرۆسەیە دەبێ و کارێکی باش نیە.
پساکی باسی لە پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین کرد و گوتی: "بەپێی رێکەوتننامەی ئاشتی نێوان ھەردوولا؛ دەبێ لەماوەی نۆ مانگ ھەردولا کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام دروستکردنی خانوی نوێ لە رۆژھەڵاتی قودس لەلایەن ئیسرائیلەوە کاریگەری خرابی لەسەر ئەو پرۆسەیە دەبێ و حکومەتی ئەمریکا بە ھیچ شێوەیەک دڵخۆش نیە لە قۆناغی ئاشتیدا ئەم کارە بکرێ و ھەوڵ دەدەین رێ لەم کارەی ئیسرائیل بگرین."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھەروەھا ئاشکراشیکرد پێشتر وەزیری دەرەوە جۆن کیری لەبارەی دروستکردنی ئەو خانوانە لە رۆژھەڵاتی قودس ترسی خۆی بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاھۆ راگەیاندوە و بەشێوەیەکی بەردەوام ئیسرائیلی لەو کارە ھۆشیارکردۆتەوە.
ھەروەھا ئاماژەی بە رێکەوتننامەی ئەمجارەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل کرد و بە رێکەوتننامەیەکی زۆر جیاواز لەوانەی پێشووتری ناساند.