نەم كەن
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جۆن كێری لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ڤێتنام، سەردانی دێلتای مێكۆنگی كرد كە پێش 50 ساڵ لە كاتی جەنگدا بۆ دەستگیركردنی كۆمۆنیستەكان بە جۆرە كەشتیەك چالاکی تێدا ئەنجام داوە.
كێری لە رووباری جاینۆج بە كەشتی سوڕایەوە و باسی ئەو رۆژانەی جەنگی كرد، كە كاتی خۆی بۆ دەستگیركردنی گەریلاكانی ڤێت جۆنگ كاری كردبوو و گوتی "دوای 50 ساڵ زۆر سەیرم پێ دێ كە لێرەم."
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوە دا كە لە دێلتای مێكۆنگ بەهۆی گۆڕانی كەشەوە ئابووریی ئاوی لە مەترسیدایە و بەڵێنی دا 17 ملیۆن دۆلار یارمەتی ئەو ناوچەیە بدا بۆ بەرنامەی بەرەنگاریکردنی گۆرانكارییەكان بە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاوی دەریا.
كێری گوتیشی "شەش وڵات لە دێلتای مێكۆنگدا ھاوبەشن: چین، میانمار، تایلاند، لاوۆس، كەمبۆدیا و ڤێتنام، ئەم رووبارە ھی ناوچەکەیە و نابێ یەكێك لەم وڵاتانە تەنیا بۆ خۆی بەكاری بێنێ."
وەك دەزانرێ چین دەیەوێ بەنداو لە سەر ئەم رووبارە دروست بكا.
كێری لە كاتێدرایی نۆتردام بەشداری رێوڕەسمی پەرستن بوو و دواتر لەگەڵ كارساز و وەبەرھێنەرانی ڤێتنام كۆبووەوە و گوتی "دەبێ ڤێتنام ببێتە كۆمەڵگایەکی كراوەتر، گۆرانكاری لە بواری ئازادیی بیركردنەوەدا بكا."
كێری سبەی لە ھانۆی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڤێتنام لەبارەی ئازادیی ئایینی و دەربڕین و دەستگیركراوانی سیاسی كۆ دەبێتەوە.