ئیستەنبوڵ – AA ھەواڵی تایبەت
كەمال ئۆزتورك
سیزەر ئەو پۆلیسە سەربازیەی لەبەر پاراستنی گیانی خۆی لە مەترسی ناوی "سیزەر"ی لە خۆی ناوە، لەگەڵ ھاوکارانی خۆی توانیویانە شەڕی سوریا و ئەو تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی لە سوریا ئەنجام دەدرێن بە گرتنی ٥٥ هەزار وێنە بکەنە بەڵگە، لە داھاتوودا دەتوانرێ وەکو بەڵگەنامەیەکی زۆر گرنگ سوود لەو وێنانە وەربگیردرێ، ھەمووی ئەو وردەکارییانەی کە لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەتی بە چاوی خۆی بینیونی، لە وێنەکاندا باسیان کراوە.
سیزەر بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە نێو سوپای سوریادا کاری کردووە، کاری ئەو گرتنی وێنە و رەوانەکردنی ئەو وێنانە بووە بۆ دەسەڵاتی دادوەری، ھاوکات یەکێک بوو لە ئەندامانی تیمی لێکۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەکان. سیزەر بە لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوەی گوتووە: دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ بازنەی کاری من زیادی کردووە و دەبوو من وێنەی ئەو سەربازە دیلانەی کە دەکوژران بگرم.
سیزەر و ھاوڕێکانی بۆ ماوەی دوو ساڵ تەنیا وێنەی ئەو گیراوانەی گرتووەکە دوای گرتنیان کوژراون و دواتر ئەو وێنانەی کردووە بە بەڵگەو بۆ سەروی خۆی بەڕێی کردوون.
کوشتنی سیستەماتیک
بەپێی ئەو راپۆرتەی ئامادە کراوە ئەو ئەندامانەی ئۆپۆزسیۆن کە دەستگیر دەکرێن لەو شوێنەی تێیاندان دوای چەندین جۆر ئەشکەنجە، بەئەشکەنجەی بەردەوام دەکوژرێن، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی سەربازی دەکرێن، لەگەڵ کائەسار دکتۆر و نوێنەرێکی دەسەڵاتی دادوەری دەست بە گرتنی وێنەی جەنازەکان دەکەن. ئەو کەسانەی کە دوای گرتنیان دەکوژرێن دوو ژمارەیان پێ دەدرێ. یەکەمین ژمارە زانیارییە لەبارەی گیراوەکە لەو کاتەوە کە دەستگیر دەکرێ تا ئەو کاتەی دەکوژرێ. لە چوارچێوەی ئەو ژمارەیەدا تەنیا ئیستیخبارات ناوی ئەو کەسە دەزانێت. ئەو ژمارانە جارجار بە دەست لە سەر جەستە یا لەسەر ناوچاوانی گیراوەکاندا دەنووسرێ.
دوای ئەوەی جەنازەکە دەگاتە نەخۆشخانەیەکی سەربازی، بۆ ئەوەی بەڵگەی ساختە لە بارەی مردنییەوە ئامادە بکرێ ژمارەیەکی دیکەی پێ دەدرێ. لەو بەڵگە ساختانەدا ئاماژە بەوە دەکرێ کە ئەوەی کوژراوە بە ھۆی جەڵتەی دڵەوە یا بە ھۆی نەخۆشییەکانی دیکەوە مردووە. دواتر کاتێک کەسوکاری مردووەکان پرسیاری گیراوە کوژراوەکان دەکەن ئەو بەڵگە و راپۆرتە ساختانەیان پێ دەدرێ. بۆ ئەوەی ئەو ژمارەی سەر جەنازەکان کە وەکو بەڵگەیەکی زۆر گرنگن لەلایەن کۆمسیۆنەوە رەش نەکرێنەوە، بە شتێکی ڕەش دادەپۆشرێن، ئەمە بە شێوەیەکی تایبەتی رادەستی ئاژانسی ئێمە کراوە.
سیزەر و ھاوکارانی دوای جێبەجێکردنی کاروباری پێویست لە سەر جەنازەکان و گرتنی وێنەکانیان، جەنازەکان بۆ شوێنێکی نادیار دەگوازنەوە و لەوێ دەیانشارنەوە.
سیزەر لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرانسەری سوریا وەکو قەسابخانەی لێھاتووە، بۆ ئەوەی راستی ئەو شتە بسەلمێنێت وێنەی بە کۆمەڵی جەنازەکانی گرتووە، لەوە زیاتر نەیتوانی خۆی رابگرێ... لە ھەر وێنەیەکی خۆی کۆپیەیەکی بۆ ھاوڕێیەکی متمانەپێکراوی خۆی بەرێ کردوە. سیزەر دواتر لە رێگای یەکێک لە خزمەکانی خۆیەوە کە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن پەیوەندی ھەبووە و لە نێو رێکخراوی مافی مرۆڤدا بووە، ئەو وێنانەی ناردۆتە دەرەوەی سوریا. لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١١ەوە تا ئەمڕۆ ھەمیشە ئەو وێنانەی ناردوونەتە دەرەوە.
دوای ماوەیەک لە ھەوڵدان و چالاکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و پارێزەرانی مافی مرۆڤی سوریا بە ھاوکاری ناوەندێکی یاسایی لە لەندەن لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە وێنەکان دامەزرا.
ئەندامانی ئەو لیژنەیە بریتین لە سیر دەسمۆند دە سیلڤا راوێژکاری شاژنی بەریتانیا (سەرۆکی کۆمسیۆن). سەرۆکی داواکاری دادگای تایبەتی سیرالیۆن، کە بە فەرمانی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی پێشووی دەوڵەتی لیبریای دەرکردبوو، پرۆفیسۆر سیر جێفری نایس، راوێژکاری شاژنی بەریتانیا، سەرۆکی داواکاری گشتی دادگای سەرۆکی پێشووی سربیا میلۆسیۆئیچ، پرۆفیسۆر دەیڤید کارنە. دکتۆر ستوئارت ھامیلتۆن پاتالۆگی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی شانشینی یەکگرتوو ، رۆفیسۆر دکتۆر سوسان باڵاک شارەزای توێکاری و پزشکی دادوەری پ، ستیڤەن کۆلە بەڕێوەبەری تەکنیکی پزشکی دادی.
ئەو لیژنە تایبەتیە دوای دامەزراندنی سەردانی یەکێک لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی کرد و دەستی بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو وێنانە کرد. ئەو وێنانەی لە لایەن لیژنەوە ھەڵبژێردران بۆ تاقیکردنەوەیان روانەی ناوەندی بینینی دادوەری لە بەریتانیا کران. دوایپشکنین ئەو ناوەندە بە بێ ئەوەی ھیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لە سەر وێنەکان بکا گەرەنتی ئەوەی دا کە وێنەکان راستەقینەن و ھیچ جۆرە گۆڕانکارییەکیان تێدا نەکراوە.
دوای ماوەیەک بە ھۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر گیانی، سیزەر و خانەوادەکەی بە رێگای قاچاخ لە سوریا دەرھێنران. سیزەر لە ١٢، ١٣, و ١٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ ئیفادەی داوەتە لیژنە تایبەتەکە و ھەر جۆرە پرسیارێکی وەڵام داوەتەوە. لیژنەیش لە راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سیزەر کەسێکی درۆزن نییە و چەکداریش نییە، بەڵام کەسێکی متمانەپێکراو و راستگۆیە. سیزەر بە چاوی خۆی کوشتنی ھیچ کەسێکی نەدیوە، بەڵام وێنەی کوژراوەکانی گرتووە و بە چاوی خۆی جەنازەکانی بینیوە.
لیژنەی لێکۆڵینەوە دوای لێکۆڵینەوەی ورد لە سەر ئەو وێنانە دەستی بە دەستنیشانکردنی چۆنێتی کوشتنی ئەو کەسانە کرد. ئەو ٥٥ ھەزار وێنەیە ھی زیاتر لە ١١ ھەزار کەسن. زۆربەی ئەوانەی کوژراون تەمەنیان لە نێوان ٢٠ تا ٤٠ ساڵە و زۆربەیان پیاون. سەلمێنراوە کە ھەموویان بە ھۆی ئەشکەنجەوە کوژراون. وێنەکان ئەوەیان سەلماندووە کە زۆربەی کوژراوەکان بە تەناف، تەل، قایشی مەکینە خنکێنراون، کاتێک ئەو تەناف و قایشانە لە نێو قڕگی گیراوەکاندا بووە وێنەیان گیراوە. لە جیاتی لەسێدارەدان شێوازی خنکاندن بەدەستیان بەکار ھێناوە. لە سەر زۆربەی جەنازەکاندا ئاسەواری زەرب و لێدانی شتی ئاسنی لە جستەکان دەستنیشان کراوە. ھەمووی کوژراوەکان دەستیان بەستراوەتەوە. بە ھۆی برسیتی، تینۆێتی رەنگی زۆربەی گیراوەکان گۆڕاوە بۆیە جەنازەکانیشیان لە ماوەیەکی کررتدا رزیون. ئەوە دەسەلمێنی کە برسیکردن یا تینووکردنی گیراوەکانیش وەکو جۆرە ئەشکەنجەیەک بەکار ھێنراوە. بەشێکی زۆریان لە برساندا بوونەتە ئیسقانی رووت و بێجگە لە ئاسەواری برسیتی ھاوکات ئاسەواری ئەشکەنجە لە سەر جەستەکانیش دەستنیشان کراوە.
بە ھۆی لێدانی کارەباوە برینی جیاجیا لەسەر ژمارەیەک لە جەنازەکان دروست بووە. زۆربەی جەنازەکان رووتن و بەشێکی دیکەیشیان کە تەنیا جلی ژێریان لەبەر بووە لە سەر زەوی وێنەیان گیراوە.
دوای کۆتایی ھاتنی کاری لێکۆڵینەوە و پشکنین لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوە راپۆرتی خۆی ئامادە کردووە. لە بەشێکی ئەو راپۆرتەدا نووسراوە:
لە سایەی ئەو بەڵگانەی لە بەردەستی لیژنەدا بوون، لیژنەکە توانی لێکۆڵینەوەی ورد بکات، سیخوڕ و سەربازەکانی رژیمی سوریا بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەشکەنجەی گیراوەکانیان داوە. ئەو بەڵگانە ئەوەندە بەھێز و راستن کە دادگا دەتوانێ پشتیان پێ ببەستێ. لیژنە پێی وایە بەڵگەی باش لە بەردەستدان بۆ دادگای نێودەوڵەتی. ئەو بەڵگانە ئەوە دەسەلمێنن کە رژیمی ئێستای سوریا تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.
news_share_descriptionsubscription_contact

