ئیستەنبوڵ – AA ھەواڵی تایبەت
كەمال ئۆزتورك
كەسێك 13 ساڵ لە ناو سوپای سوریا سەرباز بووە و ئەركی وێنەگرتنی ئەوانەی كە لە شەڕی ناوخۆیی وڵاتدا كوژراون و بۆ نەخۆشخانەی سەربازی گوێزراونەتەوە، پێ سپێردراوە.
ئەوانەی ھێنراون بۆ نەخۆشخانەكان بەگشتی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن بوون بە ئەشكەنجەدان، خنكاندن بە دەست و برسیكردن كوژراون. ئەرکی پۆلیسی سەربازی ئەوە بوو ئەو كوژراوانەی ھەموو رۆژێك دەھێنران بۆ نەخۆشخانە یەكەمجار ژمارەی لەسەر دادەنان و وێنەی روومەت و جەستەیانی دەگرت.
ھەروەھا هەندێ کۆدی نهێنی لە سەر روومەت و جەستەی كوژراوەكان بە دەست نووسراون و دواتر وێنەیان گیراون. ئەم وێنانە "جێبەجێكردنی فەرمانی كوشتنەكان لەلایەن سوپای سوریا"وە دەسەلمێنن.
پۆلیسە سەربازیەکە لەگەڵ ھاوكارەكانی لە ماوەی دوو ساڵدا 55 ھەزار وێنەی جیاجیایان گرتووە، بەڵام دواتر بەو ئەشکەنجەدانە سیستماتیکە تووشی ئازاری دەروون بووە و بە نھێنی پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەستووە. ئەو پۆلیسە سەربازییە ئەو وێنانەی لە ماوەی دوو ساڵدا گرتبوونی لە ناو فلاشێكدا داناوە و بە دزی داونی بە ئۆپۆزسیۆن.
بۆ دڵنیابوون لە راست و دروستیی وێنەکان، بە ھەوڵی ئۆپۆزسیۆن، لیژنەیەكی پسپۆڕ لە كەسانی بەناوبانگ لە بواری تاوانی جەنگ و تاوانەكانی دژی مرۆڤایەتی و دادوەرانی نێودەوڵەتی و پسپۆڕانی بواری پزیشكی دادوەری و وێنەگرتنی دادوەری پێک هات. ھەروەھا داواكار و پارێزەرانی بەشدار لە دادگا تایبەتەکانیش كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بۆ دادگاییكردنی سەرۆكی پێشووی یوگۆسلاڤیا میلۆسۆڤیچ و سیەرا لیۆنا دانرابوون، لە ناو لیژنەكەدا بوون.
وێنەكان لە تاقیگەیەكی ئینگلتەرادا پشکنینیان بۆ کرا. دوای لێكۆڵینەوە دەرکەوت وێنەکان راست و دروستن و ساختە نەکراون.
لیژنەكە پشکنینی بۆ 26 ھەزار لەو 55 ھەزار وێنەیە تەواو كرد و سەلماندی كە ئەو كەسانەی لە وێنەکاندان بە شێوەیەكی سیستماتیك ئەشكەنجە دراون، دەست و پێکانیان بەستراون، بە تەل و پەت و تەنانەت بە قایشی مەکینەی ئۆتۆمبێلیش خنكێنراون. ئەوەیش سەلما كە برسیكردن وەكو شێوازێکی ئەشكەنجەدان بەكار ھاتووە.
لیژنەكە گوتی ئەو 55 ھەزار وێنەیە ھی نزیكەی 11 ھەزار كەسن.
ئەندامانی لیژنەكە دوای ھەڵھاتنی ئەو کەسەی وێنەكانی گرتبوو بۆ دەرەوەی سوریا، وەكو شایەتحاڵ لەگەڵی قسەیان كردووە، ھەروەھا لەگەڵ شایەتحاڵێكی دیكەش قسەیان كردووە. لیژنەكە بڕیاریدا ئەو بەڵگانە لە دادگای مافەکان وەكو بەڵگەی ئاشکرا قبوڵ دەكرێن. هەروەها بڕیاری دا.
ئەگەر ئەم بەڵگانە لە سکاڵاکانی دژی ئەسەد بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی بخرێنە روو، بەڵگەی بەھێزن.
لیژنەکە ئەمانەی كردە راپۆرتێك و راپۆرتەكە لەلایەن ھەموو ئەندامانی لیژنەكەوە ئیمزا كرا.
پسپۆڕان دەڵێن ئەم وێنانە كاریگەرییان لەسەر شەڕی ناوخۆی سوریا، داھاتووی ئەسەد و گفتوگۆكانی جنێڤ دەبێ.