سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی رایگەیاند کە پێویستە مافی دیاریکردنی چارەنووس بدرێتە گەلی کورد و ھاوکات ئەمەش دەبێت دوور لە توندوتیژی و لە چوارچێوەی ئاشتی و لێک تێگەیشتن ئەنجام بدرێت.
بارزانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، بەشداری لە پانێلێکی کۆنسەیی ئەتلەنتیک کرد.
بارزانی رایگەیاند کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکەدا نوێ نییە و تەنھا درێژکراوەی ئەلقاعیدەیە، وەک ئەو شۆفێنیزم بەکار دەھێنێت. ھاوکات گوتیشی: "داعش پیشانی دا کە دژی ئازادی و گشت مرۆڤایەتی و بەھا دیموکراتییەکانە".
بارزانی لە وتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە شانازی بە سەرکەوتنەکانی خۆیان دژی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە دەکەن. لە پاڵ ئەمەش گوتی: "پێشمەرگە لە بەرەی پێشەوە بۆ جیھانێکی ئازاد شەڕ دەکات، ھاوکات دروشمی نەدۆڕانی داعش کۆتایی ھاتووە و نزیکەی ٢٠ ھەزار کیلۆمەتر لەو رێکخراوە پاککراوەتەوە".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە پێشمەرگە لە کۆبانێوە تا خانەقین، بە درێژای ھەزار و ٥٠٠ کیلۆمەتر لەگەڵ داعش لە شەڕ دایە و ھاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بەرخودانەش قوربانی دەبێت.
بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە لە شەڕی دژی داعش ھەزار و ٢٠٠ پێشمەرگە کوژراوە و حەوت ھەزاریش برینداربوون، ھاوکات راشیگەیاند کە ئەوان بۆ پەنابەرانی سووریا بوونەتە ناوچەیەکی ئارام و ئێستاش ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکە زیاترە.
بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەرپرسیاریەتی مرۆڤایەتی و نێودەوڵەتیان لە ئەستۆیە بەڵام ئەمە بارێکی زۆر گرانە و ناتوانن بە تەنھا بگرنە ئەستۆ.
"پێویستمان بە چەک و پشتیوانی سەربازییە"
بارزانی لە درێژەی وتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ بەردەوامبوونی شەڕ لەگەڵ داعش و شکستپێھێنانی، پێشمەرگە پێویستی بە چەکە و لەم چوارچێوەیەش راوێژکاری لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق و ھەروەھا ئەمریکا ھاوپەیمانانی بەردەوامە.
لە پاڵ ئەمەش بارزانی سوپاسی خۆی پێشکەش بە سەرۆکی ئەمریکا ئۆباما و جێگرەکەی جۆ بایدن بە ھۆی پاڵپشتیان لە شەڕی دژی داعش کرد.
بارزانی ئاشکراشی کرد کە کۆبوونەوەکەی دوێنێی کۆشکی سپی لەگەڵ ئۆباما و جۆ بایدن جەختیان لە پڕچەککردنی پێشمەرگە کردووەتەوە، گوتیشی: "چەک گرنگە ئینجا چۆنیەتی ھاتن و رێگاکانی گرنگ نییە".
بارزانی لە بارەی پەیوەندییەکانی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی گوتی" پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ئێستا زۆر لەوەی پێشوو باشترە، ھەردوو لایەن خوازیاری چارەسەکردنی کێشەکانن".
بارزانی رایگەیاند کە ئەوان چاوەرێی ئەوە دەکەن حکوومەتی عێراق رێککەوتنامەی نەوت قبوڵ بکات و پشکی ھەرێم رەوانە بکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا بارزانی رایگەیاند کە پێویستە گشت لایەنەکان لە شەڕی دژی داعش بەشدار بن و ئەمەش پەیوەستە بە دیموکراتی ئەو وڵاتە و پەیوەستی ئەوان بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە".
بارزانی لە بارەی مافی چارەنووسی گەلی کورد گوتی: "پێویستە گەلی کورد مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی پێبدرێت، ئەمەش پێویستە دوور لە توندوتیژی و ئاشتی و لێک تێگەیشتن ئەنجام بدرێت، ھەڵبەتە تا ئەو کاتەش ھەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ چارەسەکردنی کێشەکان".
بارزانی لە بارەی پرسیاری کاتی سەربەخۆی کوردستان گوتی: "من کاتەکەی ناڵێم بەڵام کوردستانی سەربەخۆ بەڕێوەیە، ئەمە قۆناغێکە و بەردەوامە ھاوکات ھەنگاو بەرەو دواوە ناوێت، بەم پێیەش ریفراندۆم ئەنجام دەدەین بەڵام ئێستا بەرەنگاری دژی داعش دەکەین و بەوەوە خەریکین".
بارزانی راشیگەیاند کە بۆ رزگارکردنی مووسڵ گشت ھەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بەم پێیەش بەردەوامن لە راوێژکاری لەگەڵ بەغدا و ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی.
بارزانی گوتیشی: "هەتا داعش لە مووسڵ بێت ئەوا مەترسی بۆ سەر کوردستان و عێراق و ناوچەکانی دیکە بەردەوام دەبێت".
"پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا باشە"
لەبارەی پرسیاری دۆخی کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بارزانی گوتی، ھەر پارچەیەکی ناوچەکە پێکھاتەیەکی تایبەت بەخۆی ھەیە و بۆ ئەمەش پاڵپشتی لە گشت چارەسەرێکی دیموکراتی و ئاشتی دەکەن.