Saad Hawrami
19 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2016
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ پارێزگاری سنە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر عەلی رەشید گوتی: "سەردانی پارێزگاری سنە و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئێمە بۆ ئەوەبووە کە یادداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو پارێزگاری سنە و پارێزگاری هەولێر واژۆ بکرێت بەمەبەستی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پیشەسازیی و کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری لە نێوان هەردوو لادا".
پارێزگاری سنە عەبدولموحەمەد ئەلزاهیدی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەوەی کە ئەو دەرفەتەی بۆ رەخساوە کە ببێتە میوانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی هەولێر و گوتی: "ئێمە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا گفتوگۆی تێروتەسەلمان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و کەرتی تایبەت هەبوووە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق".
عەبدولموحەمەد ئەلزاهیدی هەروەها گوتیشی: "ئێمە گفتوگۆکان لە بوارە جیاوازەکان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بارزگانیەکانی و ئابووری و چالاکیە پیشەسازییەکان و لە بواری خوێندن و خوێندنی باڵا و خوێندنە پیشەییەکان و گەشتیاری کرد و قسەشمان کرد لە بارەی هاتووچۆی گەشتیارانی هەردوولا".
پارێزگاری سنە ئاماژەشی بەوەدا کە "پارێزگاکەی ئێمە لە بواری چارەسەری و دەرماندا پێشکەوتووە و لە ئێستاشدا ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی تاران دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر کە ئەوەش خەرجییەکی زۆری تێ دەچێت بۆ ئەوان و دەبێت رێگایەکی دووریش ببڕن تاکو دەگەنە تاران. ئێمە ئەو ئامادەییەمان تێدایە کە پێشوازی لە نەخۆشەکانی هەرێمی کوردستان بکەین و ئەوان چارەسەر بکەین".
عەبدولموحەمەد ئەلزاهیدی گوتیشی: "لەو سەردانەماندا لێکتێگەیشتنێک لە گەڵ پارێزگاری هەولێر واژۆ دەکەین کە هەموو ئەو بابەتانەی باسمان کرد تێیدا جێگەی کراوەتەوە تاوەکو لە داهاتوودا بەشێوەیەکی تایبەتمەند کاری عەمەلەی لەسەر بکەین".
پارێزگاری سنە هەروەها گوتیشی: "بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کەمی کردووە و ئەو سەردانەشمان بۆ ئەوەیە کە ئێمە ئەو رێژەیە زیاتر بکەین و لە کاتی سەردانەکەشمان بۆلای وەزیری ناخۆ کەریم سنجاری ئەویش جەختی لەسەر زیادکردنی رێژەی بازرگانیی و کار ئاسانی هاتوچۆی نێوان هەردوولا کردەوە".
سەبارەت بەوە دەنگۆیەی کە گوایە کۆماری ئیسلامی ئێران گەنمی هەرێمی کوردستان دەکڕێت عەبدولموحەمەد ئەلزاهیدی گوتی: "لە رابردوودا شتێکی لەو شێوەیە نەبووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران گەنمی هەرێمی کوردستان بکڕێت. چونکە ئێمە پێوستمان بە هاوردەکردنی گەنم نییە بەتایبەت ئەمساڵ بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی بارانبارینەوە بەڵام دەتوانین گەنمی هەرێمی کوردستان بکڕین و هاوردەی ئێرانی بکەین و بیکەینە گەنم و هەناردەی هەرێمی کوردستان یان هەر وڵاتی دیکەی بکەینەوە".
پارێزگاری سنە روونیشی کردەوە کە "کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵی و بەرهەمێکی زۆر باشی هەیە و بەتایبەت لە بواری بەرهەمە خۆراکی و ماددەکانی تایبەت بە پاککردنەوەی کە ئێستاش بەشێکی دیاری کراو لەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و دەوانین ئەوانە زیاتر بکەین".