Heman Hussein Yaseen
21 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت هەر پڕۆژەیەک قیستی تێدا نەمابێت تاپۆ دەکرێت، ئاشکرایشی دەکات کە دەستەی وەبەرهێنان خەریکی تاوتوێکردنی ئەو پڕۆژانەیە کە قیستی تەواوبووە بۆ ئەوەی تاپۆ بکرێن.
پارێزگاری هەولێر فەرسەت سۆفی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کرد سەبارەت بە تاپۆکردنی شوقەکانی هاناستی و شوقەکانی شەهیدان، خۆشبەختانە دوو نوسراوی فەرمیی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوو، بڕیاردرا کە هاووڵاتییان دەتوانن شوقەکانییان لە هاناستی و شوقەی شەهیدان لەسەر رێگای عەنکاوە تاپۆ بکەن دوای تەواوبوونی پابەندە داراییەکان و دەبنە خاوەن شوقەی خۆیان".
سەبارەت بەو پڕۆژانەیشی کە لە رێگای دەستەی وەبەرهێنان ئەنجامدراون و تا ئێستا تاپۆ نەکراون، فەرسەت سۆفی گوتی: "هەر پڕۆژەیەک قیستەکانی تەواوبووبێت تاپۆ دەکرێت، هەروەها ئەوانەی لە رێگای وەبەرهێنان ئەنجامدراون، ئەوا وەبەرهێنان خەریکی دیراسەکردنە بۆ هەمان مەبەست و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیاری دڵخۆشکەر دەبن".
لەگەڵ هاتنی وەرزی و سەرما و لەبارەی چاوەڕوانییەکانی خەڵک بۆ وەرگرتنی بەشە نەوتی ساڵانە، پارێزگاری هەولێر فەرسەت سۆفی گوتی: "هەر کاتێک نەوت لە بەغدا بەدەستمان گەیشت یەک خوولەک دوایناخەین و دابەشی دەکەین، هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بە زووترین کات بەشە نەوتی هاووڵاتییان بگاتە دەستمان و دابەشی بکەین".