Hemin Hüseyin
06 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2017
هەولێر - AA
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەریەک لە گوتەبێژی پۆلیسی پاریزگای هەولێر، هۆگر عەزیز و گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر، فازڵ حاجی ئاماری رووداوەکانی جەژنی قوربانییان خستەڕوو.
لە دەستپێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، گوتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر، رائید فازڵ حاجی گوتی: "پلانێکی تۆکمەمان بۆ رۆژانی جەژن دانابوو پلانەکەشمان بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کرد، بەڵام هەندێک رووداوی هاتوچۆی نەخوازراو هەبوو".
فازڵ حاجی گوتیشی: "لە رۆژانی جەژنی قورباندا ١٥ رووداوی ھاتوچۆ هەبووە کە لەو ژمارەیەش، نۆ رووداویان پێکدادان بووە و چوار رووداویش وەرگەڕان بووە و دوو رووداویشیان شێلان بووە".
فازڵ حاجی گوتیشی: "لە کۆی ئەو رووداوانە پێنج کەس گیانییان لەدەستداوە و ٢٩ کەسیش بریندار بوون، ئەو رووداوانەش ١٢یان لە رۆژدا بووە و سێ رووداویش لە شەودا بووە و لە کۆی ئەو رووداوانەشدا، حەوت رووداو لەناو شار و هەشتیان لە دەرەوەی شار بووە".
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد لە کۆی ئەو ژمارەی کە برینداربوون ١٤ کەسیان لەناو پاسێکی گەشتیاراندا بوون کە بە هۆی نەمانی برێک، شوفێرەکە بە ناچاری خۆی بە شاخێکدا کێشاوە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، رائید هۆگر عەزیز ئاماژەی بە رووداوەکانی جەژنی قوربانی کرد و گوتی: "بە بەراورد بە جەژنەکانی پێشووتر، لەم جەژنەدا زۆرترین ژمارەی گەشتیاران روویان لە شاری ھەولێر کردبوو، کە لە ماوەی چوار رۆژی جەژندا دوو حاڵەتی کوشتن هەبووە کە حاڵەتێکیان توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بووە و حاڵەتی دوومیان شەڕبووە کە کەسێک بەچەقۆ بریندارکراوە و دواتر گیانی لەدەستداوە".
هۆگر عەزیز گوتیشی: "دوو حاڵەتی شەڕیش روویداوە، شەڕکەرانیش دەستگیرکراون و رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە".