Hemin Hüseyin
06 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێمن هەورامی رایگەیاند کە لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی شەفافیەت و چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، فۆرمی دەستپاکی-یان پڕکردووەتەوە، ئاشکرایشی دەکات کە هەفتەی داهاتوو سەردانی شاندی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات.
هێمن هەورامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "بەپێی یاسا و پابەندبوون بەو بەڵێنانەی پێش هەڵبژاردن بە هاووڵاتییان درابوو، ئەمڕۆ فۆرمی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە فراکسیۆن و هەر ئەمڕۆش پڕکراونەتەوە و دەیسەلمێنین کە ئەوەی نووسراوە راستییە و ئەوەش یەکێک بووە لە بەڵێنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان بەهاووڵاتییانی دابوو".
هێمن هەورامی سەبارەت بە گەڕی دانوستانەکان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە زووترین کات گەڕی دانوستانەکان دەست پێ دەکەین، ھەرچی بەشداری بکات یان نا، گرنگ ئەوەیە کە ھەموو پرەنسیپەکانی حکوومەت لەبەرچاو بگیرێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاوبەشی گرنگی کوردستانە و بزووتنەوەی گۆڕان-یش ھێزێکی کاریگەرە بۆیە پێکھێنانی حکوومەت لەسەر شانی سێ لایەنی براوەی یەکەم و دووەم و سێیەم دەبێت".
لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ھێمن ھەورامی ئاماژەی بەوەکرد کە دیاریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە سیستەمی پەرلەمانی دیموکراسی دەبێت.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، تیشکخرایە سەر نیگەرانی هاووڵاتییان کە ماوەی دوو رۆژە بە هۆی کردنەوەی بەشی VIP لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر دروستبووە و لەمبارەیەوە، هێمن هەورامی گوتی: "دوای کردنەوەی بەشی VIP لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر کە بووە مایەی نیگەرانی بەشێک لە هاووڵاتییان و ئێمەش پەیوەندیمان بە وەزیری ناوخۆی ھەرێم کرد و ئەوانیش وەڵامیان داوینەتەوە کە رۆژانە ٨٠٠ ئۆتۆمبێلی تازە تۆمار دەکرێت و هەزار و ٥٠٠ مامەڵەی تازەش وەردەگیرێت و ئەم سیستەمەش بۆ جیاکاری نییە بەڵکو تەنها بۆ خزمەتگوزاری خێرابووە".
هێمن هەورامی گوتیشی: "وەزیری ناوخۆ پێی راگەیاندووین کە ئەو بڕیارە رادەگیرێت تا بزاندرێت چی پێویست بێت و لە خزمەتی ھاووڵاتییان بێت ئەوە جێبەجێ دەکرێت".
دووشەممەی رابردوو، پارتی دیموکراتی کوردستان، کاندیدی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرد.