Heman Hussein Yaseen
12 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2020
ههولێر - AA
وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای ھەولێر، رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تاوتوێکرد و چەند بڕیارێکیان دەرکرد.
دوای کۆبوونەوەکەش، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ھەریەک لە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی و پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی تیشکیان خستە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەکە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد گوتی: ''لەو کۆبوونەویەدا تەئکید لە بڕیارەکانی پێشووتر کراوەتەوە کە رۆژی ١٤ی مانگ ھاتوچۆی نێوان شارەکان رادەگیرێت، ئەوانەی لە ماڵەکانیان دوورن پێویستە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، بەپێچەوانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە''.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوایشی لە ھاووڵاتییان کرد کە پابەندی رێنماییەکان بن و گوتیشی: ''دوو ھەفتەی چارەنووسسازمان لەپێشە و دەبێت لەو ماوەیەدا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەین و پێویستە لە رۆژانی نەورۆزدا لە ماڵەوە دابنیشین بۆ ئەوەی تەندروستی ھەموو لایەک پارێزراوبێت''.
ھەر لە کۆنگرە رۆژانامەوانییەکەدا، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: ''ئەو کەسانەی لە ھەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، زۆرترینیان لە ئێران گەڕاونەتەوە، بۆیە ھەر کەسێک دەزانن کە لە ئێران گەڕاوەتەوە با پەیوەندی بە تیمەکانی تەندروستی بکەن تاوەکو کەرەنتین بکرێن''.
دواتر پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی ئاماژەی بە بڕیار و رێنماییەکان کرد و گوتی: ''ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک بە بەشداری سەرجەم قایمقامەکان لە پارێزگای ھەولێر بەڕێوەچوو و چەند بڕیارێک بۆ خۆپارێزی و توندوتۆڵترکردنی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا درا کە گرنگترینیان ئەمانەن:
یەکەم: کەرەنتینکردن بە رێوشوێنێکی توند بەردەوام دەبێت و چاوپۆشی لە کەس ناکرێت.
دووەم: رێوشوێنی توند لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەگیرێتەبەر.
سێیەم: ھەموو کافیتریا، چایخانەکان، شوێنە قەرەباڵغەکان، بازاڕە میللییەکان، رێستورانت و چێشتخانەکان لە ١٤ـی مانگ بەدواوە دادەخرێن. تەنھا دەتوانن بەشێوەی گەیاندنی خێرا خواردن بە ھاووڵاتییان بدەن.
چوارەم: پێشانگاکانی ئوتۆمبێل لە رۆژانی ھەینیدا دادەخرێن.
پێنجەم: رێگەنادەین لەسەر شوێنە گشتییەکان و سەر شەقامەکان گۆشت و مریشک بفرۆشرێن تەنیا ئەوانەی رێگاپێدانی تەندروستییان ھەیە دەتوانن.
پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی گوتیشی: ''داوامان لە وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستیی کرد لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رەچاوی دۆخی ھاووڵاتییان بکەن لە کرێی ئەو شوێنانەی دادەخرێن، بۆ ئەوەی کەمبکرێتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری ھەولێر دڵنیایی دا ھاووڵاتییان کە ھیچ پێویست ناکات خەڵک پەلە بکات لە شتومەک کڕین و دووپاتیکردەوە کە جموجۆڵە بازرگانییەکان بەردەوام دەبن لە ژێر رێنماییە تەندروستییەکاندا.
فەرسەت سۆفی گوتیشی پێویست ناکات هاووڵاتییان پەلە بکەن لە شت کڕین، چونکە جموجوڵی بازرگانی بەردەوامە لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و لەنێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقیش، بۆیە کەلوپەل زۆرە و وەکو خۆیەتی.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا جەخت لەوەکرایەوە کە پێویستە رۆژانی نەورۆز ھاووڵاتییان لە ماڵەوە دابنیشن و ئەگەریش بۆ گەشت و سەیران چوونە دەرەوە، ئەوا رێگا نادرێت زیاتر لە یەک خێزان لە شوێنێک دابنیشن.