سلێمانی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شاندێكی پارتەکانی كورد و پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی توركیا لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە گەیشتنە ئەو شارە و دیدار و كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی كوردستان دەست پێ كرد.
ئەندامانی شاندەكە پێكهاتون لە هاوسەرۆكی كۆماجڤاكی دیموكراتی (كەجەدە) سەلما ئیرماك، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی ناوچەکان (دەبەپە) كاموران یوكسەك ئەرجان و چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی توركیا،
دیداری یەكەمی شاندەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستی پێ كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەم حزبە مەلا بەختیار، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، حاكم قادر حەمەجان و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی حزبەكە كۆبوونەوە.
دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مەلا بەختیار گوتی: "ئەم كۆبوونەوەیە لە هەلومەرجێكی هەستیار دایە و ناوچەكە رووداوی گەورە تێیدا روودەدات، لە كۆبوونەوەكەدا قسە و باسێكی هەمەلایەنەمان كرد لەسەر رووداوەكان و ئەركەکانی هاوبەش و گرنگی دیموكراسی لە ناوچەكە و چۆنێتی چارەسەریی كێشەی گەلانی ناوچەكە بەتایبەتی كورد و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ لە توركیا. بۆ ئەوەی بە پرۆسەی ئاشتی و دیموكراسی ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن نەوەك بە شەڕ و ماڵوێرانی كە هەمووان زیانی لێ دەكەن".
هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) فیگەن یوكسەكداغ گوتی: "ئێستا لە توركیا لە پاش هەڵبژاردنەكانی حەوتی حوزەیران قۆناغێكی نوێ سەری هەڵداوە و هەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستەكانی توركیا کە گەڕاوەتەوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و وای كردووە هێزەكان بكەونە ململانێوە".
یوكسەكداغ لە درێژەدا گوتی: "ئێمە لەم كاتەدا كە لە ژێر هەڕەشەی چەكداین لایەنگیری هەڵبژاردنەوەی پێشوەخت نین هەروەها دژی توندوتیژی و بەكارهێنانی چەكین و تەواوی هەوڵەكانمان بۆ ئاشتییە".
ناوبراو گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسمان لەوە كرد چۆن ئاشتی سەركەوتن بەدەست بهێنێ و كۆبوونەوەیەكی باشمان ئەنجام دا".
هاوسەرۆكی هەدەپە دەڵێت: "ئاشتی لە توركیا واتای ئاشتییە لە ناوچەكەدا، بۆ ئەم مەبەستەش تەواوی هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ".
ئەو رەخنەی لە سیاسەتەكانی حكوومەتی توركیا و ئاكپارتی گرت و گوتی: "پرۆسەی ئاشتی لە توركیا لەلایەن حكوومەتی ئاكپارتییەوە كۆتایی پێ هێنراوە بەڵام لەلای ئێمە پرۆسەكە بەردەوامی هەیە و بەردەوام دەبین لەسەر پرۆسەی ئاشتی".
شاندی پارتەکانی كوردی توركیا ئەمڕۆ لە سلێمانی زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكانی ئەم شارە ئەنجام دەدەن، سبەی دووشەممەش سەردانی شاری هەولێر دەكەن و لەگەڵ لایەنەکانی سیاسی تر كۆدەبنەوە.