هه‌ولێر - شوان سدیق
هادی عه‌لی، سیاسه‌توان به‌رپرسی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی (یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان) له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو به‌وجۆره هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م مانگه ده‌كات و ده‌ڵێ به‌هۆی ئه‌زموونی چوار ساڵی ئۆپۆزسیۆن و هۆشیاربوونه‌وه‌ی زیاتری خه‌ڵك وا ده‌كا له‌دوای 21ی ئه‌یلول قۆناغێكی تازه دێته بێته كایه‌وه..............
له‌باره‌ی هه‌ڵوێست و كارنامه‌ی حیزبه ئیسلامییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هادی عه‌لی بۆچوون و تێڕوانینی خۆی ده‌خاته‌ڕوو و وه‌سفیان ده‌كات كه نه‌یانتوانیوه به‌قه‌ده‌ر بانگه‌شه‌و هه‌ڵوێسته‌كانی گۆڕان كاریگه‌ریی هه‌بووبێ "بانگه‌شه‌ی ئیسلامییه‌كان به‌تایبه‌تی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو مامناوه‌نده، وه‌ك خیتابی گۆڕان نییه ئه‌وه‌ش وا ده‌كات، گۆڕان كاریگه‌ریی زیاتری هه‌بێ. پرۆژه‌ی ئیسلامییه‌كان، هیچ جیاوازی نییه له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی دیكه، باسی چاكسازیی و گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن حیزبه‌كانی دیكه‌یش هه‌مان شت ده‌ڵێن".
هادی عه‌لی ته‌مه‌ن 60 ساڵان، یه‌كێكه له‌دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌مانگی شوباتی 1994. چه‌ندین پۆستی حیزبی و حكومی به‌ده‌ستهێناوه، له‌نێو حیزبه‌كه‌یدا بووه‌ته به‌رپرسی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوو و لهكابینهیپێنجهمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش بووه (وه‌زیری داد) هادی ساڵی 2010 رایگه‌یاند به‌هۆی نیگه‌رانی له‌یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، وازی له‌كاركردن هێناوه له‌و حیزبه‌دا، به‌ڵام له‌كۆنگره‌ی شه‌شه‌می یه‌كگرتوو له‌مانگی ئایاری ساڵی 2012 یه‌كێ بوو لهبهربژارهكان بۆ ئه‌میندارێتی ئه‌و حیزبه‌و ده‌نگی پێویستی مسۆگه‌ر نه‌كرد بۆ ئه‌میرێتی یه‌كگرتوو.
هادی عه‌لی له‌باره‌ی حیزبه ئیسلامییه‌كانی كوردستان گوتی " ئیسلامییه‌كانی كوردستان تموحیان هه‌یه به‌ره‌وپێش بڕۆن، كه‌چی پرۆژه‌یه‌كی سیاسی وایان نییه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ده‌سه‌ڵات، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌كه‌م رازین، له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی دیكه ته‌نیا به‌شداریی حكومه‌ت بن و هیچی دیكه، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیش به‌ره‌و ته‌واو بوون ده‌چێ".
ره‌خنه‌ی گرت له‌پرۆژه‌كانیان و گوتی " پێویست بوو لایه‌نه ئیسلامییه‌كان، قۆناغی ئێستایان تێپهڕاندایهو پرۆژه‌یه‌كی سیاسی به‌هێزیان هه‌بوایه نه‌ك پرۆژه‌كانیان وه‌ك هی حیزبه‌كانی دیكهبێ، ده‌بوو باس باسی چاكسازیی سیاسی و فیدراڵهیهتبێ، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مانه وایده‌بینم له‌هه‌ڵبژاردنی 21ی ئه‌یلول ره‌نگه رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان زیاد بكات بۆ 17 كورسی".
به‌بۆچوونی هادی عه‌لی، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان 8 تا 12 كورسیی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ده‌ستدێنێ، هه‌رچه‌نده ئه‌و رێژه‌یه به‌كه‌م ده‌زانێ "لایه‌نه ئیسلامییه‌كان به‌تایبه‌تی یه‌كگرتوو، خه‌ڵك چاوه‌ڕێی شتی زیاتری لێ ده‌كا، ئه‌گه‌ر بیه‌وێ رۆڵی كاریگه‌ر ببینێ، پێویسته پرۆژه‌ی سیاسی به‌هێزی هه‌بێ، بۆنموونه له توركیا AKP قۆناغی (ئه‌ربه‌كان)ی تێپه‌راند بۆ قۆناغی (ئه‌ردۆغان) ده‌بێ ئه‌وانیش قۆناغی زیاتر ببڕن حیزبی سیاسی پێویسته وه‌ك AKPبێ له‌توركیا، لایه‌نی په‌روه‌رده‌و ده‌عوه له‌حیزب جیا بكاته‌وه، نه‌بێته به‌شێك له ململانێی حیزبی".
هادی عه‌لی گوتی "باسی به‌شدارییكردنی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌حكومه‌تی داهاتوو وه‌ك بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، زیانی هه‌بوو بۆ پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییان، ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵه‌یكرد گوتیان به‌شداریی حكومه‌ت ده‌كه‌ین، ده‌بوا بیان گوتبایه چاوه‌ڕێی متمانه‌ی هاووڵاتیانین، ئه‌گه‌ر زۆرینه به‌ده‌ستبێنین، حكومه‌ت پێكده‌هێنین".
سه‌ركه‌وتن و شكسی كۆمه‌ڵی ئیخوان موسلیمین و ئیسلامییه‌كانی دنیا كاریگه‌ریی ده‌بێ له‌سه‌ر دابه‌زینی گێرفی جه‌ماوه‌ری ئیسلامییه‌كانی كوردستان، ئه‌وه بۆچوونی هادی عه‌لی بوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو.