Hemin Hüseyin
22 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2017
هەولێر-AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندێکی دیپلۆماسی سەربازی ئەمریکی کرد بە سەرۆکایەتی ئەندامی کۆنگرێس جۆ وێڵسن.
بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە کە ماڵپەری فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە دیدارێکدا کە جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، جۆ وێڵسن خۆشحاڵی بە دووەم سەردانی خۆی و پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و رۆڵی خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستانی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ھەموو پێکھاتەکان بەرز نرخاند، ھەروەھا پرسە و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری شەھیدانی شەڕی دژی تیرۆر راگەیاند و ھیوای زووچاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.
جۆ وێڵسن ھیوای تۆکمەکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکای خواست و بەردەوامیی ھاوکارییەکانی وڵاتەکەیشی بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. دواتر شاندی میوان چەند پرسیارێکیان سەبارەت بە چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان کرد.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و ھاوکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکای بۆ ھەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و راھێنان و مەشقکردن بە پێشمەرگە و ھاوکارییکردنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر، دووپاتیشی کردەوە کە بە ھۆی قەیرانی داراییەوە بارگرانییەکی زۆر بۆ ھەرێمی کوردستان دروست بووە و بەغداش لەم رووەوە ھاوکار نەبووە و ھیوای خواست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکاریی زیاتر ھەرێمی کوردستان بکات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەداوە کە لە رووی سەربازییەوە ھەماھەنگییەکی باش لە نێوان ھەردوولادا ھەیە و پەیوەندییەکان ئاسایین، بەڵام لە بوارەکانی دیکەدا بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکان، ھیچ پێشکەوتنێک دروست نەبووە. باسیشی لە ھەوڵەکانی ھەرێمی کوردستان کرد بۆ حەواندنەوەی ئاوارەکان و رازیکردنییان بۆ ئەوەی لە وڵاتی خۆیاندا بمێننەوە تاکو دوای ئازادکردنەوەی دەڤەرەکانییان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بۆ ئەم مەبەستەش بە پێویستی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی خۆی ببینێت.