نه‌سره‌دین سندی ده‌ڵێت "شیعه پلانییان بۆ به پارێزگاكردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان هه‌یه و ئه‌وه مه‌ترسیی بۆ سه‌ر كورد و پێكهاته‌كان هه‌یه".
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم نه‌سره‌دین سه‌عید سندی له هه‌فپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژه بۆ چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به ناوچانه ده‌كات كه له‌گه‌ڵ گرتنه‌وه‌ی نیوه پتری شاری مووسڵ و هاتنه كایه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه له‌دوای داعش ده‌كات.
له‌وباره‌یه‌وه ناوبراو سه‌باره‌ت به دواین رێوشوێن و ره‌وشی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی دڵخۆشكه‌ره بۆ ئێمه ئه‌وه‌یه زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری ناوچه دابڕێنراوه‌كان له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ن كه زیاتر له 90 له‌سه‌د ده‌بن، ئێستا رێژه‌ی 90 تا 94 له‌سه‌دی خاكی كوردستان به‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌وه‌یه و چاوه‌ڕوانیین له كاتێكی نزیكدا ئه‌و شوێنانه‌ی ماون ته‌واو ببن".
ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك شوێن له ده‌وروبه‌ری شنگال له كۆمه‌ڵگه و گوند ماون، هه‌روه‌ها له ده‌وروبه‌ری كه‌ركوكیش چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وه‌كو حه‌ویجه و چه‌ند گوندێكی دیكه ماون، چه‌ند گوندێكی سه‌ر به مه‌خمووریش ماون، به‌ڵام ئه‌و ناوچانه به گشتی كه‌من و چاوه‌ڕوانی كۆتایی هاتنی شه‌ڕی مووسڵ و ده‌ستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵی حهویجهین، ئه‌گه‌ر چی ده‌بوو حه‌ویجه زووتر رزگاركرابا، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێك ناكۆكی ناوخۆیی دواخرا، چاوه‌ڕوانیین ئه‌و ناوچانه‌ش له نزیكترین كاتدا له‌ده‌ستی داعش ده‌ربهێنرێن و كۆنتڕۆڵ بكرێنه‌وه و بێنه‌وه سه‌ر كوردستان".
سه‌باره‌ت به ناڕه‌زایی و نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌وان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌سه‌ر كردنی ناحییه‌ی ئامرلی سه‌ر به قه‌زای دووزخورماتوو له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین بە قه‌زا، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم دەڵێت: "حكوومه‌تی ناوه‌ندی له‌رێگه‌ی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و ده‌زگای ئاماری عێراق و وه‌زاره‌تی پلاندانان ناحییه‌ی ئامرلی كراوه به قه‌زا، ئه‌م ناحییه‌یه نزیكه‌ی 25 بۆ 30 هه‌زار كه‌سی تێدایه، ده‌وروبه‌ری ناحییەکە زۆرینه‌ی دانیشتووانەکەی تێدانه‌ماوه، چونكه زۆرینه‌ی سوننه بوون و لەئێستادا ئاوارهبوونە، ئه‌و بڕیاره ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه، چونكه بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای دووزخورماتوو ئه‌وه كراوه، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه‌ش هه‌وڵماندا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بهێنینه سه‌ر هێڵ بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له‌و كاره بكرین".
ده‌شڵێت: "نووسراومان ئاراسته‌ی سه‌ركۆماری عێراق كردووه وه‌كو پارێزه‌ری ده‌ستوور كه ئه‌و بڕیاره هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، هه‌روه‌ها نووسراومان ئاراسته‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد كردووه له دادگای فیدڕاڵی عێراق تانه له بڕیاره‌كه بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره رابگیرێت".
سه‌باره‌ت به هۆكاری ترس و نیگهرانییهكانیشیان له كردنی ئه‌و ناحییه‌یه كه دانیشتوانه‌كه‌ی شیعه‌ن بۆ قه‌زا نه‌سره‌دین سه‌عید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونی ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: "ئه‌م بڕیاره رێگه‌ی یاسایی خۆی نه‌گرتووه‌ته به‌ر، ده‌بوو له‌رێگه‌ی قه‌زای دووزخورماتوو بكرابایە، به‌ڵام ئه‌مه نه‌كراوه، دۆسیه‌كه براوه بۆ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌ویش بۆ وه‌زاره‌تی پلاندانانی ناردووه و هه‌ردووكیان ئه‌م كاره‌یان كردووه، له‌م ناوچه‌یه ئێستا پێكهاته‌ی شیعه‌یه زیاتەر، پێكهاته‌كانی دیكه وه‌كو سوننه له‌و شوێنانه‌ی خۆیان نه‌ماون و ئاواره‌ن، ده‌بوو به ئاگاداری حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌و كاره كرابا، چونكه ناوچه‌ی جێ ناكۆكه و ده‌چێته ژێر باری مادده‌ی 140، ئێمه پێمان وایه هه‌ندێك له پشتی ئه‌و بڕیاره‌وه‌ن كه ئه‌وان پلانی ستراتیژییان هه‌یه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و ئێمه كار ده‌كه‌ین هه‌رچۆنێك بێت ئه‌و بڕیاره رابگیرێت".
نه‌سره‌دین سه‌عید له درێژه‌ی قسه‌كانیدا دەڵێت: "لە ئامرلییەوە تا ده‌گاته خانه‌قین و ناوچه‌ی دیكه‌ش هه‌وڵ هه‌یه بۆ به‌شیعه‌كردنی ناوچه‌كان، هه‌وڵ ده‌درێت كه جگه له شیعه‌كان پێكهاته‌ی تر له‌و ناوچانه نه‌مێنن، بۆیه پێمان وایه پلانێكییان هه‌یه بۆ به پارێزگاكردنی ئه‌و ناوچه‌یه و هێنانی هێزی زیاتر، ته‌نانه‌ت زۆر جار هه‌ڕه‌شه له خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌كرێت، پێشمه‌رگه‌ش خوێنێكی زۆری له‌و ناوچانه رشتووه و خه‌ڵك ئێستا له‌و شوێنانه زیاتر متمانه‌ی به پێشمه‌رگه هه‌یه، بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئارامی بۆ ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێنه‌وه و له‌رێگه‌ی گفتوگۆ ئه‌و ناوچانه ئاسایی بكرێته‌وه".
هه‌روه‌ها ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه پێشمه‌رگه له‌و شوێنانه‌ی ئێستا له‌ژێر كۆنتڕۆڵی دایه ناكشێته‌وه، ده‌شڵێت: "لێدوان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه پێشمه‌رگه بكشێته‌وه و بدرێته‌وه به سوپای عێراق، خه‌ڵكی ئێمه متمانه به سوپایه‌ك ناكات كه به‌جێی هێشتن، راسته تاراده‌یه‌ك ئێستا خه‌ڵك دڵی ئارامه له‌و هێزانه‌ی كه ئێستا مووسڵ رزگار ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك هێز هه‌یه بچنه هه‌ر شوێنێك ئه‌و ناوچانه تێكده‌چن".
له‌باره‌ی ئه‌و قسانه‌ی ده‌كرێن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له بری كه‌ركووك نه‌ینه‌وا ده‌بێته به‌رمیله بارووت و مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆیی له‌و پارێزگایه له‌دوای داعش هەیە، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم نه‌سره‌دین سه‌عید سندی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایده‌گه‌یه‌نێت: "تا ئێستا ئه‌وه‌ی رووده‌دات له به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی شه‌ڕی مووسڵ دڵخۆشكه‌ره، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی مووسڵ هاتوون نه‌چنه نێوی ئه‌وا چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین باش نه‌بێت، ئومێده‌وارین ئه‌وه‌ی تائێستا كراوه له نێو مووسڵ به‌رده‌وام بێت و بابه‌تی مه‌زهه‌بی و تایفی له رزگاركردنهوه دوور بگیرێت، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه ره‌نگه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك هێزی دیكه وه‌كو داعش دیسانه‌وه دروست ببێته‌وه، بۆیه ئومێده‌وارین شتێكی وا روونه‌دات خه‌ڵك به‌ری خۆیان بده‌ن به هێزی تر نه‌ك حكوومه‌ت".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێت بوونی چه‌ند هێزێك له نه‌ینه‌وا جێگه‌ی مه‌ترسییه و ئه‌گه‌ری دروستبوونی شه‌ڕی نێوخۆی به‌هێز ده‌كات، ئه‌و روونی ده‌كاته‌وه" لێدوانه‌كانی مالیكی دڵخۆشكه‌ر نییه، هه‌بوونی حه‌شدی شه‌عبی و هاتنی په‌كه‌كه بۆ ئه‌وناوچانه به‌گشتی وای كردووه مه‌ترسی بوونی شه‌ڕ هه‌بێت له‌و ناوچانه، بۆیه ده‌بێت هێزه‌كان له ناو شار دووربخرێنه‌وه، نابێت شوێنێكی وه‌كو شنگال یه‌كێتی و پارتی و په‌كه‌كه و حكوومه‌تی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی هێزیان له ئێزدییه‌كان دروست كردووه، دروستكردنی ئه‌و هێزه ترسی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه كاره‌ساتی تر له‌سه‌ر ئێزدییه‌كان دروست بێت، جێگه‌ی هێزه‌كان سه‌نگه‌ره و پێویسته له نێو شاره‌كان بچنه ده‌ره‌وه".
سه‌باره‌ت به ئه‌نجامی ریفراندۆمیش له‌و ناوچانه‌ی كێشه‌یان له‌سه‌ره، نه‌سره‌دین سه‌عید ده‌ڵێت: "ئومێده‌وارین له‌رووی یاساییه‌وه دوای شه‌ڕی داعش ریفراندۆمێك له‌و ناوچانه بكرێت تا ببێته پاڵپشتی یاسایی، چونكه له ده‌ستووری عێراقدا هاتووه ده‌بێت ریفراندۆم بكرێت و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه خۆیان بڕیار له چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن، ده‌بێت هه‌موو خه‌ڵك به‌شدار بێت".
ده‌شڵێت: "ئومێده‌وارین به‌زووترین كات ئه‌وه بكرێت، خه‌ڵك له‌و ناوچانه زۆر نیگەرانن، ده‌بوو له ساڵی 2007 ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چاره‌سه‌ر بكرابایە، حكوومه‌تی ناوه‌ندی نه‌هاته سه‌ر خه‌ت و حكوومه‌تی هه‌رێمیش بێ ئومێد بووه له‌وه‌ی حكوومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌و ناوچانه چاره‌سه‌ر بكات، بۆیه ئومێد ده‌كه‌ین كه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بێته سه‌ر خه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه".
نه‌سره‌دین سندی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدایه كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه به‌ته‌نها له رێگه‌ی هێزه نه‌كرێت، ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه كێشه‌كه له‌رووی یاساییه‌وه یه‌كلایی بكرێته‌وه، له‌وباره‌یه‌وه ناوبراو جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه و دەڵێت: "چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه له‌رووی یاساییه‌وه باشترین چاره‌سه‌ره، چونكه به‌ته‌نها به هێز ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ناكرێت، ده‌بێت به گفتوگۆ و به یاسایی چاره‌سه‌ری بكه‌ین، تاکو ئه‌مه نه‌کرێت ئه‌گه‌ری بوونی كێشه و نا ئارامی هه‌یه، ئێستا له كه‌ركووك ئێمه پڕۆژه‌یه‌كمان هه‌یه بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كه‌ركووك و له ئاینده‌دا له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه قسه ده‌كه‌ین و بزانیین ئه‌وان چی‌یان پێ باشه بۆ كه‌ركووك، دواتر كۆنفڕانسێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بكرێت".
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری كشانه‌وه و نه‌كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه‌ی كۆنتڕۆڵی كردوون له چوارچێوه‌ی شه‌ڕی داعش روونی ده‌كاته‌وه "وه‌كو ده‌سته به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه نیین له‌و ناوچانه‌ی کە ئێستا لەژێر دەسەڵآتی دان، خه‌ڵك هه‌ست به ئارامی و دڵنیایی ده‌كات له بوونی پێشمه‌رگه، بۆیه بوونی ئه‌وانیش پێویسته، ئێمه له ههوڵدایین حكوومه‌تی هه‌رێم بێته سه‌ر هێڵ بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و خاوه‌نی ئه‌و ناوچانه بێنه سه‌ر خه‌ت و پێكهاته‌كان رازی بكه‌ین به‌وه‌ی كه بێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وان باشتره".
ئه‌و ده‌شڵێت: "خه‌ڵكی ئێمه به ده‌یان ساڵه له‌و ناوچانه تووشی ده‌یان كێشه و سیاسه‌تی نابه‌جێ بوونه‌ته‌وه، بۆیه هیچ ناکرێت ده‌ستبه‌رداری هیچ ناوچه‌یه‌ك ببین، هه‌ر ناوچه‌یه‌ك بۆ ئێمه گرنگیی خۆی هه‌یه".
سه‌باره‌ت به داتای ئه‌و ناوچانه كه كێشه‌یان له‌سه‌ره له‌رووی زیانه‌كانه‌وه ئه‌و به‌رپرسه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ ئانادۆڵو گوتی" ئێمه پڕۆژه‌یه‌كمان هه‌بوو كه حكوومه‌تی هه‌رێم ئێمه رابسپێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بكه‌ین به ئاماده‌كردنی داتا بۆ خه‌مڵاندنی زه‌ره‌ر و زیانه‌كان، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵام نه‌دراوینه‌ته‌وه".
سه‌باره‌ت به ئیداره‌ی مه‌سیحییه‌كان و ئێزیدییه‌كان له دوای شه‌ڕی داعش، نه‌سره‌دین سه‌عید روونی ده‌كاته‌وه و دەڵێت: "ئه‌و ناوچانه‌ی پێكهاته‌كانی دیكه، وه‌كو مه‌سیحییه‌كان له‌ده‌شتی نه‌ینه‌وا، ئێزدییه‌كان له شنگال هه‌ر داوایهكییان هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتییان ده‌كه‌ین چی وه‌كو ئیداره‌ی خۆیان بێت یان پارێزگا بێت، به‌ڵام ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیین پارێزگاكه دابه‌ش ببێت".
سه‌باره‌ت به بوونی چه‌ندین هێز له شنگال، نه‌سره‌دین سه‌عید ده‌ڵێت: "بۆ کارەکانی ئێمه هیچ لایه‌نێك نه‌بووه‌ته رێگر، بۆ داهاتووی شنگال وتوومانه بوونی چه‌ند هێزێك له ناوچه‌یه‌كی وا ئه‌گه‌ری بوونی شه‌ڕی ناوخۆ هه‌یه، بۆیه له به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌س نییه ئه‌و هێزانه له شاره‌كان ببن، بۆیه ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه، وه‌كو چۆن پێشمه‌رگه چووه كۆبانی و ئه‌ركی ته‌واو بوو گه‌ڕایه‌وه، ده‌بێت هێزه‌كانی دیكه‌ش وا بكه‌ن.، به‌رده‌وامی بوونیان له‌و ناوچانه ده‌بێته خوا نه‌خواسته شه‌ڕی ناوخۆی".
ده‌رباره‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراقیش پێیوایه لێژنه‌ی مادده‌كه کاری نه‌ماوه، ئه‌و ده‌شڵێت" لێژنه‌ی مادده‌ی 140 وه‌كو ئیشوكار نه‌ماوه، هاتنی عه‌بادی وه‌كو سه‌رۆكوه‌زیران لێژنه‌كه نوێ نه‌كرایه‌وه، نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستانیشی تێدانییه، بۆیه هیچ ئیشێك ناكات و ئیشی راوه‌ستاوه".
ده‌شڵێت حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده نییه له‌و شوێنانه بكشێته‌وه كه پێشمه‌رگه‌یان تێدایه، ده‌ڵێت: "هه‌ندێك له به‌رپرسانی عێراق له راگه‌یاندن ده‌ڵێن پێویستە پێشمەرگە لەو ناوچانە بکشێنەوە، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده نییه ده‌ستبه‌رداری ناوچه دابڕێنراوه‌كان ببێت كه پێشمه‌رگه‌یان تێدایه، وا پێشبینی دەکەم کە دوور نییه حكوومه‌تی عێراق داوایان بكاته‌وه".
ئه‌و ده‌شڵێت ده‌بوو پێش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی مووسڵ دانوستاندن له‌سه‌ر ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان كرابا و لەوبارەیەوە دەڵێت: "دوای شه‌ڕی داعش دوور نییه حكوومه‌تی عێراق داوای ئه‌و شوێنانه بكاته‌وه و خۆی له زۆر مه‌سه‌له و به‌ڵێن به‌دوور بگرێت".
نه‌سره‌دین سه‌عید له كۆتایی قسه‌كانیدا و له چه‌ند پرسیارێكی جیاوازدا مه‌ترسی و نیگه‌رانیی خۆی له ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی نێوخۆیی له پارێزگای نه‌ینه‌وا له رۆشنایی بوونی چه‌ند هێزێكی چه‌كداری نه‌شارده‌وه و گوتی: "بوونی ئه‌و هه‌موو هێزه چه‌كدارییه كێشه و مه‌ترسی شه‌ڕی نێوخۆیی هه‌یه".
news_share_descriptionsubscription_contact

