Rewa Mahmood Hasan
02 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2020
سلێمانی - AA
دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆمەڵێک کاسبکار بۆ ئاساییکردەنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لەبەردەم بینای قایمقامییەتی قەزای ناوەندی سلێمانی گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، بەدرێژایی گردبوونەوەکە چەند پەرلەمانتارێک و کەسایەتی سیاسی بەشدارییان تیایدا کرد.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید یەکێک بوو لە کەسایەتییانە، دوای ئەوەی بەشداریی لە ناڕەزایەتیی کاسبکاران و خۆپیشاندەرانی بەردەم قایمقامییەتی سلێمانی کرد، لەنێو خۆپیشاندەرانەوە بە بەرد و هوتاف کێشان لە دژی، دەرکرا.

بەشێک لە کاسبکاران بە دروشمی"ئێمە دزمان ناوێ پشتگیرییمان بکات، دز ناتوانێت لەگەڵمان بێت، پشکەکانمان کوا" لە گردبوونەوەکە دژ بە شاسوار عەبدولواحید وەستاوە و لەنێو گردبوونەوەکەدا دەریانکرد.

دوای ئەوەی ناوبراو لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا ناوچەکەی جێهێشت، بەشێک لەو کەسانەی لە شوێنی گردبوونەوەکەدا بوون دوای کەوتن بەنێو باخی گشتیدا و بەرد و بتڵی ئاویان تێگرت.
