بەهۆی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندییەوە، لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە بەغدا بەشە بوودجەی مانگانەی هەرێمی كوردستانی نەنارد كە مانگانە بڕی یەك ترلیۆن و 200 ملیار دینار بوو.
هەرێمی كوردستان دەڵێ بڕی 16 ترلیۆن دیناری ساڵی رابردوی لەلای بەغدایە و داوای گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە دەكات، لەبەرامبەردا بەغدا هەرێمی كوردستان بە فرۆشتنی نەوت تۆمەتبار دەكات و داوای داهاتی بڕی فرۆشراوی ئەو نەوتە دەكات.
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مەسعود حەیدەر لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە چۆنێتی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بوودجەی 2015ی عێراق دەكات كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەزۆرینەی دەنگ پەسەند كرا.
مەسعود حەیدەر لە بارەی بوودجەكەوە دەڵێ: "جیاوازی گەورەی بوودجەی 2015 لەگەڵ 2013 ئەوەیە كە بە بەرپرسیارێتییەكی گەورەوە مامەڵەمان لەگەڵ بوودجە كرد، هەروەها هەوڵماندا بوودجە بە پێی پێویست خەرج بكرێت".
بوودجەی گشتی ساڵی 2015ی عێراق بڕی 119 ترلیۆن دینارە و بڕی كورتهێنان گەیشتووەتە 25 ترلیۆن دینار، لەو بوودجەیەش 17 لە سەدی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە.
مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری سەر بە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە وردی چاوەدێری بڕگەكانی بوودجە و رەهەندەكانی ئەو پرسەی كردووە.ئەو لە بارەی بوودجەكەوە گوتی: "ئەوەی پەیوەستە بەهەموو عێراقەوە كەمكردنەوەی خەرجییەكانە، ئەوەی ئێمە لە لیژنەی دارایی تێبینیمان كرد ساڵانی رابردوو پارە زۆر بەبێ پلانی خەرجكراوە و بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ زۆربەی دەزگاكانی دەوڵەت بەشێوەیەك بووە كە نەتوانراوە كۆنتڕۆڵ بكرێت و زیادەڕۆیی هەبووە لە خەرجییەكانی ئەو دەزگایانەدا".
حەیدەر هەروەها گوتی: "لەگەڵ بوونی شەڕی داعش و تەرخانكردنی بوودجەیەكی زۆر بۆ لایەنی سەربازیی بەجۆرێك دوو ترلیۆن و 179 ملیار دینار بۆ حەشدی شەعبی تەرخانكراوە، بەڵام هەوڵمانداوە بەشە بوودجەی هەندێك لە گرێبەستە سەربازییەكان لە بوودجەكەدا دیاریی نەكرێ و بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت".
لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی دەڵێ: "هەوڵێكی گەورەماندا بۆ چەسپاندنی مافەكانی هەرێم لە بوودجەكەدا، ئەو رێكەوتنە سیاسییەی لەنێوان هەردوولا هەیە بۆ ئەوەی ببێتە دەقێكی یاسایی و هەردولا لەسەر ئەو بنەمایە پابەندبن پێوەی. هەروەها هەڵەبجەمان وەك پارێزگایەك جێگیركرد و بەشێوەیەكی یاسایی بووە پارێزگا و حكوومەتی ناوەندی پابەندكراوە كە وەك پارێزگایەك مامەڵەی لەگەڵ بكات. جگە لەوەش خاڵێكی تری گرنگی پەیوەست بەهەرێمی كوردستانەوە تەرخانكردنی بودجەی هێزی پێشمەرگەیە".
سەبارەت بە كێشەی قەرزەكان و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی بوودجەی ساڵی 2014 ەوە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "لە بوودجەكەدا هیچ لایەك باسی قەرزەكان و پابەندبوونی دارایی هەردولای بەرامبەر یەكتر نەكردووە، تەنها لە بڕگەیەكدا داوامان كردووە هەردولا هەرچی پابەندبوونی داراییان هەیە بەرامبەر یەكتر لە ساڵی 2004 تا 2014 بە هەماهەنگی دیوانی چاودێری دوو لایەن یەكلا بكرێتەوە و پاكتاو بكرێت".
مەسعود حەیدەر زیاتر لەو بارەیەوە دواو گوتی: "هەرچەندە ئەوە بڕگەیەكی یاساییە، بەڵام پێویستی بەڕێكەوتنی سیاسی هەیە، لە راپۆڕتی دارایی ساڵی 2014ی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی پێكراوە كە پارەی رەوای هەرێم 16 ترلیۆن دینارە، لە بەرامبەریشدا عێراق داوای بڕێك پارە لەهەرێم دەكات و پێویستە هەردولا مەجەكانی یەكتر جێبەجێ بكەن".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد دوای چارەسەركردنی ئەو كێشە و لێك تێنەگەیشتنانەی لە مانگی رابردودا لەسەر بڕی هەناردەی نەوت لە نێوان هەردولا دروست بوو، لەم رۆژانەدا بەشە بوودجەی مانگی رابردووی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت.
عێراق ساڵی 2014ی بەبێ بوودجە تێپەڕاند و بە هۆی كێشە و ناكۆكییەكانەوە حكوومەتی پێشوی عێراق بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی نەیتوانی بوودجە ئامادە بكات و لە پەرلەمان پەسەند بكرێت.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە دەڵێ: "بوودجەی 2014 كێشەی زۆری تێدایە، لەگەڵ وەزیری دارایی گفتوگۆمان كردووە و داوامان كردووە زانیاری دارایی ئەو ساڵەمان بۆ رەوانە بكات و بۆچوونی خۆمانی لەسەر دەربڕین".
مەسعود حەیدەر گوتی: "پێشتر پەرلەمان دەزگایەكی چاودێری ئەكتیڤ نەبووە و حكوومەتی پێشوی عێراقیش بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی دەستكراوە بووە لە پێدانی پێشینەكان و بە ویستی خۆی پارەی خەرجكردووە كە نزیكەی 89 ترلیۆن دینارە و روون نییە ئەو پارەیە چۆن خەرجكراوە، بۆیە داوای روونكردنەوەمان كردووە و بەدواداچوونی بۆ دەكەین".