سلێمانی
محەمەد فەرەج، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبارەگای تایبەتی خۆی لە شاری هەولێر, لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئامادەبوو باسی چەندین پرس بکا. هەر لە پرسی ناوخۆی حزبەکەی و رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئەوسا باسی تورکیا و پرۆسەی ئاشتییش بکا.
محەمەد ئێستا رێبەرایەتیی حزبێک دەکا، یەکەمین حزبی سیاسیی کوردییە لە کوردستانی عێراق کە بە بێ چەکدار، خەباتی خۆیان دەستپێکرد. ئەو رێبازەش وای لێکردن خەڵکێکی زۆر لە کوردستان تێیدا ببنە ئەندام. لەو ساڵانەی دوو ئیدارە هەبوو لەم هەرێمە، ئەوان دووەم هێزی هەردوو هەرێمەکە بن، بەڵام لە دوای ٢٥ی تەمموزی ٢٠٠٩، کاتێ بزووتنەوەی گۆڕان دروست بوو، ئیتر یەکگرتووی ئیسلامی هاتە ریزبەندی چوارەم هێزی بە نفوز.
یەكگرتوی ئیسلامی کوردستان، پێش 20 ساڵ وەك حزبێكی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان خۆی ڕاگەیاند. ئێستا خاوەنی 10 كورسیی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان و چوار كورسی پەرلەمانی عێراقە.
ئەم حزبە تائێستا شەش كۆنگرەی بەستووە، لە سەرەتاوە سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتیی حزبەكە بوو، بەڵام لەدوایین كۆنگرەیان لە ساڵی 2012، بەهادین دەستبەرداربوونی لەو پۆستە ڕاگەیاند و محەمەد فەرەج وەك ئەمینداری نوێی حزبەكە هەڵبژێردرا.
AA: ئێستا یادی 20 ساڵەی دامەزراندنی حزبەكەتان دەكەنەوە، ئێوە چۆن توانیتان لە ساتەوەختێكی ئاڵۆز و سەرەتاكانی سەر هەڵدانی شەڕی ناوخۆ، ئیعلانی خۆتان بكەن و وەك حزبێكی بێچەک؟
محەمەد فەرەج : ئێمە پێشتر ئامادەییەكی كارامان لەسەر گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان هەبوو لەڕووی فیكرو بەرنامە و پلانێكی تۆكمەوە بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی تاكی ساڵح و كاراو بەتوانا، تاوەكو بتوانێ خزمەت بە ئاین و گەل و نیشتمان بكا.
ساڵانی شەستەكانی سەدەی پێشوو دەستمان بەو بەرنامەیە كردووە و بەردەوام دژایەتی سیاسەتی چەوتی ئەو كاتەی ڕژێمی بەعسمان دژ بە كورد و چالاكییەكانیان لەشارەكانی كوردستان كردووە، بەردەوام بوین لەدژایەتی و بەهێزكردنی گیانی بەرگریی لەناخی خەڵكدا، بە شێوەیەك بتوانێ بەردەوام ڕوو بەڕوی ئەو سیاسەتە چەوتانە ببێتەوە.
كاتێ ڕاپەڕینی 1991 دروستبوو، ئێمە سەرمایەیەكی باشی كادری بە توانا و بەهێزمان هەبوو، لەبەر ئەوەی خەڵكێكی خوێندەوار بووین لەڕووی فیكری و بەرنامەوە توانیمان كۆمەڵێ ئەفكارو بەرنامەی نوێ بەدی بهێنین لەسەر ساحەكەدا. ئەویش بریتی بوو لە حزبێكی مەدەنی كە زۆرتر گرنگی و ئیعتماد بكاتە سەر هێزی عەقڵ نەك مەنتقی قووە، هەوڵ بدا لەڕێی دیالۆگ و گفتوگۆوە كێشەكانی چارەسەر بكا. خوێندنەوەو ڕێزگرتن لەڕای بەرامبەر وەك خۆی نەك وەی ئەوەی كە من دەمەوێ.
ئەو شێوازە ڕاستە لای خەڵكی كوردستان زۆر قبوڵ كراو بوو، لە هەمان كاتدا زۆر ماندوكەر بوو گرفت و ئاریشەی زۆری بۆ دروستكردین، بەڵام سوپاس بۆ خوا توانیمان سەركەوین بەسەر ئەو حاڵەتەدا.
لە دوای 20 ساڵ یەكگرتوو هەنگاوی باشی ناوە بۆ بەهێزكردنی ئەزموونەكەی و خزمەت كردنی گەل و نیشتمانەكەی. ئێمە بۆ ئەوە هاتووین بتوانین بەو بەرنامە و پلانەی كەهەمان بووە لەڕێی ئەم كادرە بە توانایانەمانەوە بتوانین خزمەتێكی زیاتری ئەم گەل و نیشتمانە بكەین، فەلسەفەی ڕاگەیاندنی یەكگرتووش بۆ ئەوەیە پەرە بەتواناكانی بدا بۆخزمەتكردن بەگەل و نیشتمانەكەی.
AA: لەئەنجامەكانی خۆتان لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان ڕازین؟ پلانتان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو چییە؟
محەمەد فەرەج: هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی كوردستان شتێكی نوێ بوو بۆ هەموو لایەنەكان، یەكەمجار بوو یەكگرتووی ئیسلامی و بەشێك لەلایەنەكانی تر بەلیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بكەن، هەروەها ئێمە یەكەمجارە ئەوەندە ژمارەی كورسی بەدەست بهێنین كە 10 كورسی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ژمارەیە لەچاو ئەو پێشبینییەی دامان نابوو وا دەرنەچوو .
بۆ هۆكارەكان بەڵێ هۆكاری دەرەكی ڕۆڵی زۆریان هەبوو، بەڵام دەبێت هەمیشە ئیش لەسەر ئەو هۆكارانە بكەین كەخۆمانین ، ئەوەی پەیوەندی بەخۆمانەوە هەیە نكولی و كەموكورتی هەبوو، لەو ماوەیەشدا بەخۆداچونەوەیەكی باشمان كردووە كەبۆچی كەممان هێنا و ئەوەی دامان نابوو ئەوەندەمان نەهێنا، ئینشائەڵا بەتەماین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەو كەموكوڕیانە پڕ بكەینەوە.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە بەرنامەیەكی باشمان داناوەو دەمانەوێ كار لەسەر كۆمەڵێك شتی گرنگ بكەین و بەگوڕو تینێكی زیاترەوە كار بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە بكەین و پشت بەخوا دەنگێكی باشتر بهێنین.
ئەو بەرنامانەی دامان ناوە كاریان لەسەر بكەین بریتین لە:ـ
ـ ئەو كێشەو ئاریشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە لەسەروی هەمویانەوە ناوچە دابڕێنراوەكان ، ئەم كێشانە كەڵەكەبوی 11 ساڵە و چارەسەر نەكراون ، پێویست بوو لەساڵی یەكەمدا چارەسەری ئەو كێشانە بكرانایە، چونكە ئێمەی كورد جیاواز بوین لەهێزەكانی ترو خاوەنی سێ ڕەهەندو هێز بوین كەئەوانی تر نەیان بوو" هێزێكی ئیداری باش و بەئەزمون، توانایەكی ماددی باش ، بونی هێزێكی سەربازی ڕێكخراو (پێشمەرگە)".
دەبوو بەو حاڵەتەوە لەڕۆژی یەكەمەوە سنورەكانی خۆمان بچەسپێنین و كارەكانی خۆمان ڕێك و پێك بكەین دواتر بچین بەشداری پێكهێنانی حكومەتی عێراقی بكەین، بەڵام بەداخەوە كێبڕكێی حزبی و شەڕە پەڕۆ لەنێوان دوو لایەنە گەورەكەدا كارێكی وای كرد ئەم كێشە كەڵەكەبووانە وەك خۆی بمێنێتەوە، لەكاتێكدا ئەو كێشانە دەستورین و پێویستە بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێن.
ـ نەوت و غاز بووەتە كێشەی گەورە، چارەسەر نەكردنی ئەو كێشەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا بەهۆی نەبونی یاسایەكە لەعێراقدا .
لەهەرێمی كوردستان یاسای نەوت و غاز هەیە بەڵام تائێستا لەعێراق ئەو یاسایە نییە. تائێستاش بەو یاسایە كار دەكەن كەحزبی بەعس دایناوەو دەیانەوێ هەرێم بخەنە ژێر هەژمونی ئەو یاسا كۆنە كەیاسایەكی زۆر مەترسیدارە بۆ ئەو سامانە گەورەیەی كەگەلی عێراق پشتی پێ بەستووە.
دەمانەوێ لەم قۆناغە نوێیەدا زۆر بەجدی كار لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ناوەندو هەولێر بكەین، پێشتر پێشنیارمان كردووەو دوبارەی دەكەینەوەو داوا دەكەین كەدەستەیەكی سەربەخۆی یەكلاكەرەوە دروست ببێت بۆ چارەسەركردنی كێشەو ئاریشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەسەڵاتی ئەوەیان پێبدرێت كێشەكان چارەسەر بكەن و كۆتایی بەكێشەكان بهێنن.
ـ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئاستی دەرەوە هیچ ڕون نییەو تائێستا دیار نییە لەكاتێكدا ئەوە لەدەستوردا دیاری كراوەو پێویستە پشكمان هەبێت لەسەدا 25 ی ئەو یەكە وەزیفیانەی لەعێراقدا هەیە لەلایەن هەرێمەوە پڕ بكرێنەوە كەلەئێستادا لەسەدا 7یش نییە.
AA : بەشێك لەنوسەران و ڕۆشنبیران هیوای ئەوەیان بەیەكگرتوو هەبوو ببێتە بەدیلی دەسەڵات لەهەرێمی كوردستاندا، ئێوە پلان و بەرنامەی دەسەڵاتان هەیە و خۆتان ئامادە كردووە ببنە بەدیلی پارتی و یەكێتی بۆ دەسەڵات؟
محەمەد فەرەج :سروشتی ئەم قۆناغانەی هەرێمی كوردستان پێویستی بەكۆدەنگی هەیە، ئێمە لەوڵاتێكی 100 بۆ 200 ساڵ دیموكراتی ناژین كەبتوانین بەدیلی یەكتر بین و ئەو بەدیل بونەش بەئاسانی قبوڵ بكرێ، ئێمە لەسەرەتای ئەو هەنگاوەداین.
سەرەتای دیموكراسی پێویستی بەوە هەیە تەبایی و كۆك بون و ڕێكخستن و هاوكاری لەنێوان هێزەكان دروست بكەین كەبتوانن تواناكانیان پێكەوە ڕێك بخەن لەخزمەتی ئەو پرسەی ئەمان حزبایەتییان لەپێناودا دروست كردووە كەبریتییە لەپرسی گەل و نیشتمان.
AA: لەهەرێمی كوردستاندا سێ حزبی ئیسلامی هەیە(یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ، بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان) ، ئەم جیاوازییە چییە لەنێوان سێ حزبی ئیسلامیدا ؟
محەمەد فەرەج : جیاوازی بیروڕا دەبێت ڕێزی لێبگرین و بیكەینە فاكتەری هێز نەك بیكەینە فاكتەری گرفت و كێشە، جیاوازی بیروڕاكان پێویستە هەمیشە فكرێكی دەوڵەمەند دروست بكات چ ئیسلامییەكان یان دەرەوەی ئیسلامییەكان بێت، هەوڵ بدەین هەمومان لەپرسێكی نیشتمانیدا كۆببینەوە چ بەئیسلامی و چ بەلایەنەكانی ترەوەو بتوانین كێشەی ئەم گەل و نیشتمانە ڕزگار بكەین ، ئێمە لەگەلانی ناوچەكەش جیاوازین و تاكە گەلێكین لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست خاوەنی دەوڵەت نین. دەبێت هەنگاوی یەكەم دروست بكەین كەهەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ ئێمە كەتائێستاش نازانین ژمارەی هاونیشتمانییەكانمان چەندەو چۆن دابەش بوین و چۆن یەك بگرینەوە، كەوابوو پێویستمان بەوە هەیە لەهەرێمی كوردستان هەموو هێزو تواناكانمان یەك بخەین بۆ ئەو ئامانجە گەورەیە ، پێشمان وایە كەشوهەوایەكی لەبار هەیە بۆ پرسی كوردی بەڵام یەك دەنگی و كۆدەنگی پێویستە، دوای ئەو هەنگاوە دەكرێت بیر كردنەوەی ترمان هەبێ.
AA: لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكومەتەوە چی دەڵێن، لەكاتێكدا زیاتر لە 140 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان تێپەڕی كردووەو لایەنەكان نەگەیشتونەتە ڕێكەوتن لەسەر دابەش كردنی پۆستەكان.
محەمەد فەرەج :هیوادارم حكومەتێكی هەرێم ژمارەی پێوانەیی تۆمار نەكات لەدواكەوتندا، ئەو دواكەوتنەش كارێكی هەڵەیەو هەڵەكەش لەئەستۆی پێنج لایەنە براوەكەیە كەڕێك نەكەوتنە لەسەر هەندێك تایبەتمەندی هەر لایەنە بۆ خۆی.
بەڵام بۆیەكەم جاریشە كارێكی لەو شێوەیە لەهەرێم و ناوچەكەشدا دەكرێت كە هێزی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات پێكەوە لەحكومەتدا بەشدار بن و بەڵێن بدەن هەمو تواناكانیان بەگەڕ بخەن بۆ خۆش نود كردنی هاووڵاتیان ، هیوادارم ئەم حكومەتە بنكە فراوانە كەئەو لایەنانە كۆدەكاتەوە بتوانێ بەهاووڵاتیان بڵێ ئەوە حكومەتی ئێوەیەو هاووڵاتیانیش بەحكومەتی خۆیانی بزانن .
هیوادارم لایەنی یەكەمی پێكهێنەری حكومەت ترسی لایەنەكان بڕەوێنێتەوەو متمانەیان بۆ بگێڕێتەوەو لەزوترین كاتدا حكومەت پێك بهێنێ، بۆ ئەوەی ئەو شڵەژانەی لەبازاڕو ناخی هاووڵاتی و لەنێوان ئیدارەو هاووڵاتیان هەیە چارەسەر ببێت.
وەك یەكگرتوو لەسەرەتاوە ڕۆڵمان هەبوو لەوەی حكومەتێكی بنكە فراوان پێك بێ و لایەنە براوەكان لەخۆ بگرێت و مەترسییەكانمان خستۆتەڕوو، خەڵكی كوردستان بێزاربووەو پێی وایە ئەو دوو بەشی و سێ بەشییە هەیە تواناكان لەو نێوانەدا دەفەوتێ و خزمەتگوزارییەكان دیار نامێنن.
لەو ئاڵۆزی و ناتەباییەی لەنێوان لایەنەكان هەیە بەغدا سود دەبینێ ، هەروەها ئەو مەترسیانەشی كەلەدەوروبەرمان هەیە وادەكا یەكڕیزو یەكهەڵوێست و یەك دەنگ بین ، سوپاس بۆ خوا هەموو لایەنەكان وەك ئێمە ئەو بڕوایەیان لەلا دروست بوو كەئەوە پێویستەو دەبێ هەمومان ئەوە بەهەند وەربگرین.
لەقۆناغێكی تردا كە گەیشتینە كەناری ئارام دەكرێ بەجۆرێكی تر بیر بكەینەوە، بەڵام ئێستا ئەوە زۆر گرنگەو پێویستە دەسەڵاتی یەكەم ڕێز لەو ئیرادەیە بگرێ و بەجۆرێك بەدەمییەوە بێ كەمتمانە بۆ ئەو لایەنانە زیاد بكاو ترسەكانییان بڕەوێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە كارێكی هاوبەش بكەین بۆ ئەو ئامانجانەی كەچاوەڕێمان دەكەن.
AA: وەك یەكگرتوو چەند گفتوگۆیەكتان لەگەڵ لایەنی براوە ئەنجامداوە، ئێوە داواكارییان چییە لەكابینەی نوێی حكومەتدا؟
محەمەد فەرەج : ئێمە ئاسانتر قسەمان كردووەو مادام دەڵێین لەبەر ئەو پێویستیانە ، بیریشمان لەوە كردۆتەوە كەبیانوگر نەبین، ئەو پۆستانەشی كەداوامان كردووە ئەو پۆستانەن كەدەتوانین خزمەتی زیاتریان لێوە بكەین بۆ ئەم گەل و نیشتمانە، ئامانجی سەرەكی ئێمە ئەوەیە داوای شتێك دەكەین بتوانین خزمەتی زیاتری لێوە بكەین و زیاتر بتوانین خۆش نودی بۆ هاووڵاتیان دروست بكەین.
AA : دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت هاوكاتە لەگەڵ ئەو قەیرانەی لەناوخۆی لایەنێكی براوەی هەڵبژاردن یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دروست بووە، وەك یەكگرتوو رۆڵتان چییە لەهێوركردنەوەی دۆخی ئێستای ناو یەكێتی؟
محەمەد فەرەج : یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەماوەی شەش ساڵی ڕابردودا دوچاری دو شڵەژان هات، یەكەم جیابونەوەی بزووتنەوەی گۆڕانی ئێستا كەجیابونەوەیەكی گەورە بوو بەشێوەیەك نیوەی ئەندام مەكتەب سیاسییەكانیشی لەگەڵ خۆی برد، بەڵام ئەو دەمە مام جەلال مابوو كەلەتەواوی تەندوستی و توانادا بوو.
شڵەژانی دووەم غیابی مام جەلالە ، لەگەڵ غیابی ئەویشدا نەبونی كەسێكە ئەوان لەسەری كۆك بن و بتوانێت ئەو سەركردانە كۆبكاتەوەو درێژە بەجموجوڵ و كارو چالاكییەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بدات ، كەبەداخەوە هەمومانی نیگەران كردووە.
وەك یەكگرتوو نیگەرانین لەو دۆخەی ئێستای یەكێتی ، بۆ ئەوەش قسەمان لەگەڵ كردون و وەفدێكی باڵامان ناردووەتە لایان ، بۆ خۆشم دوو جار پەیوەندیم پێوەكردون و قسەم لەگەڵ كردون و پێشنیاری ئەوەمان كردووە كەپێویستە بەپەلە كۆبونەوە بكەن و قسە لەسەر كۆنگرەو پێكهێنانی حكومەت بكەن.
پێمان وایە دەتوانن ئەو قۆناغە تێپەڕێنن وەك ئەوەی پێشتریش توانیویانە ئەو قۆناغانە تێپەڕێنن وەك هێزێكی كاراو بەتوانا كەسەنگ و دەنگ و قورسایی و جەماوەری خۆی هەیە.
(بەشی یەكەم)
news_share_descriptionsubscription_contact

