Azat Muhammet
27 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2017
سەرۆکى لێژنەى یاسایی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، محسن سەعدون رایگەیاند "ئەو کارەساتەى لە گەڕەکی مووسڵ جدیدەی شاری مووسڵ دروست بوو یەکێکە لە گەورەترین کارەساتەکان، هەرچەند دەگوترێت ٥٠٠ کەس گیانیان لە دەستداوە بەڵام پێشبینى دەکرێت زیاتر لە هەزار کەس بەر هێرشەکە کەوتبن، لە نێویشیاندا خێزانى کورد هەن. سەرۆکوەزیرانى عێراق، حەیدەر عەبادى بەرپرسە لە پاراستنى مافى مرۆڤ. بەیانى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کۆبوونەوەیەکى نائاسایی لەسەر ئەو روواوە دەکرێت. تا ئێستا نازانین هۆکارى گیان لە دەستدانى سەدان کەس ئاشکرا نەبووە کە ئاخۆ هاوپەیمانان بۆردومانیان کردووە یان لەلایەن سوپاى عێراق و هێزە عێراقییەکان ئەو ژمارە زۆرەى هاووڵاتییان لەناوچوون".
سەرۆکى لێژنەى یاسایی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، محسن سەعدون لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى لە نووسینگەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە پارێزگاى دهۆک بۆ دەزگاکانى راگەیاندن گوتى: "زیاتر لە ١٥٠ ئیمزامان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەى مووچە و بوودجەى پێشمەرگە لە بەغدا بەدەستبهێنین، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لایەنە کوردییەکان نەمانتوانى سەرکەوتوو بین لە کارەکانمان، بۆیە ئێستاش داوا لە لایەنە کوردییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەکەین یەکڕێزى نێوماڵى کورد بپارێزن و کێشە و ململانێکانى ناوخۆى نەگوازینەوە بۆ بەغدا، ئێمە بەکەمتر لە مافى خۆشمان رازى بووین بەڵام بەغدا هەر قبووڵى نەبوو مووچە و بوودجەى هەرێم بنێرێت".
گوتیشى: "سەرۆکوەزیرانى عێراق، حەیدەر عەبادى لە کۆى ٥٩ ماددە لە یاساى بوودجە بۆ ساڵى ٢٠١٧ تانەى لە ٢٣ ماددە داوە، ئێمەیش ئەوەمان لا قبووڵ نییە، بەڕاستى تا ئێستا ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و حکوومەتى عێراق هیچ بڕیارێکیان نەداوە لە بەرژەوەندى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگە بێت، هەر جارێک لیستى پارتى لە بەشدارى دانیشتن و دەنگى لەسەر پڕۆژە یاساکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق نەدابێت، لە پێناو بەرژەوەندى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بووە".
لەبارەى ناکۆکییەکان لەسەر هەڵکردنى ئاڵاى هەرێمی کوردستان لە کەرکوک محسن سەعدون گوتی: "ئاڵاى هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا لە پێشوازى سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەڵدەدرێت، سەبارەت بەکەرکووک و ناوچەکانى وەک زوممار و شنگال و تەواوى ناوچە کێشە لەسەرەکانى لە چوارچێوەى ماددەى ١٤٠ دەستوورى مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، تا ئێستا بەتەواوى رزگار نەکراون، بۆیە حکوومەتى عێراق ئەو مافەى نییە رێگر بێت لە هەڵکردنى ئاڵاى هەرێمی کوردستان لەو ناوچانە".
لە کۆتاییدا ئاماژەى بەوەدا کە یاساى بەدامەزراوەکردنى حەشدى شەعبى تا ئێستا نەچووەتە بوارى جێبەجێکردن، و گوتى: "ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەیاسا حەشدى شەعبى وەک دەستەیەکى یاسایی ناساند، بەڵام ئەو یاسایە دەستکارى زۆرى تێدا کراوە تا ئەو ساتەى قسەى تێدا دەکەین جێبەجێ نەکراوە".