دیاربەکر
لەنێو ئاپۆرای مەزنی جەماوەری دیاربەکردا پێشوازیەکی گەرم لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری کرا.
لە پێشوازیکردنی بارزانیدا دروشمی (تو بخیرھاتی بۆ مالا خوە بارزانی) لەلایەن خەڵکەوە بەرزکرابۆوە.
لە پێشوازیکردنی بارزانیدا جگە لە ژمارەیەکی زۆری خەڵک، ھەروەھا ژمارەیەک پەرلەمانتارانی پەرلەمانی تورکیا و کەسایەتیانی بەناوبانگی دەڤەرەکە ھەبوون.
قەلەبالغی خەڵک بەشێوەیەک بوو کە لە چەند شوێنێک سەیارەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی وەستێنران و دروشمی بەخێربێی بارزانی و بژی بارزانی و بژی کوردستان لەلاین خەڵکەوە دەگوترانەوە ئەمە جگە لەوەی کە ئاڵای کوردستان بەدەستی خەڵکەوەبوو.
دواتر ھێزە ئاسایشپارێزەکانی دیاربەکر توانیان رێگە بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە و بەرەو ھۆتێلی (گرین پارک) جێگا مانەوە بەرێکەوت و لەوێش بە دروشمی بەخێربێی بۆ شاری خۆت پێشوازی لە بارزانی کرا.
ھەر لەو دروشمانەی کە بۆ پێشوازیکردن بەرزکرابوونەوە، ھەروەھا بۆ ھونەرمەند شڤان پەروەریش دروشمی تو بخێرھاتی شڤان بۆ باژێرێ خوە نوسرابوو و لەلایەن خەڵکی پێشوازیکارەوە بەرزکرابۆوە.