لاھای
رێکخراوی لەناوبردنی چەکی کیمیایی لە سوریا بڕیاریدا تا مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ ھیچ چەکێکی کیمیایی لە سوریا نامێنێ. بەپێی پلانێک ئەو چەکە کیمیاییانە لە دەرەوەی سوریا لەباردەبرێن، بەڵام تا ئێستا ھیچ وڵاتێک بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان نەکراوە.
پلان و وردەکارییەکانی لەناوبردنی چەکی کیمیایی لە کۆبوونەوەیەکی رێکخراوی لەناوبردنی چەکی کیمیایی لە شاری لاھای ھءڵەندا ئاشکرا کرا و لەلایەن سوریاوە قەبووڵکرا.
بەپێی پلانەکان چەکە کیمیایی و کاریگەرەکان رۆژی ٣١ی کانوونی یەکەم، ئەوانی دیکەیش رۆژی ٥ی شوبات دەگوێزرێنەوە دەرەوەی سوریا و کاریان لەسەر دەکرێ.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی لەناوبردنی چەکی کیمیایی لە سوریا ئەحمەد ئوزومجو پێیوایە پلانەکان بەوپەڕی شەفافییەتەوە خراونەتەڕوو.
لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستکراوە بە لەباربردنی چەکی کیمیایی سوریا و تا ئێستایش کارەکە بە سەرپەرشتیی رێکخراوی لەناوبردنی چەکی کیمیایی لە سوریا بەھاوکاریی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە.