هەولێر
لە دواین سەردانی سەرۆكی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئەمریكییەكان بەڵێنی پێدانی چەكی قورسان بە هەرێم داوە.
بڕیاردەری لێژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان بەهار عەبدلرەحمان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی دواین ئاماری شەهیدانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش گوتی :" بەپێی زانیارییەكان تا ئێستا نزیكەی هەزار و 600 پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش شەهیدبوون و شەش هەزاری دیكەش بریندار بوون".
گوتیشی: "رێوشوێنی یاسایی وایە ئەوانەی كە شەهید دەبن تا شەش مانگ مووچەكانییان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بە كەسوكارییان دەدرێت، ئەو ماوەیەش بۆ ئەوەیە تا لەو كاتەدا مامەڵەیان بۆ بكرێت تا مووچەكانییان بچێتە سەر وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوان و ئیدی لەوێ مووچەی شەهیدانە وەربگرن".
سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بۆ ئانادۆڵو گوتی وەزیری پێشمەرگە پێی راگەیاندوون كە ئەو كارە لە ئێستادا زەحمەتە، روونیشی كردەوە "پاش كۆتایی هاتنی ئەو شەش مانگەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دیاریكرابوو تا هێزەكان یەكبخاتەوە وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسانی یەكەی حەفتا و هەشتامان بانگهێشتی لێژنەكەمان كرد و ئەوان ئەو كات كۆمەڵێك بەربەرستیان باس كرد و پێیانگوتین هەتا ئەو بەربەستانە هەبێت ناتوانیین كات دیاری بكەین بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئەوە زەحمەتە".
لەبارەی ئەو بەربەستانەشی كە وەزیری پێشمەرگە باسی كردوون، بەهار عەبدلرەحمان ئاشكرایكرد" بەربەستەكانیش بەپێی قسەكانی وەزیری پێشمەرگە هێشتا بەردەوامن و بریتیین لەوەی هێشتا هەرێم لە شەڕدایە لەگەڵ داعش و شتەكان نا ئاسایین و پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگە و بۆ یەكخستنی هێزەكان پێویستیان بە بوودجە هەیە، چونكە دەبێت ئەو هێزانە لە چوارچێوەی لیواكان یەكبخرێن و شوێنی مەشقیان بۆ دابین بكرێت و مەشقیان پێ بكرێت و پێداویستییەكانیان وەكو هێزێكی نیزامی بۆ دابین بكرێت لە چەك و تەقەمەنی و خواردن و جلوبەرگ و ئەو پێویستییانەی بۆ هێزێكی نیزامی پێویستن، بۆیە لەرووی نەبوونی بوودجە و قەیرانی دارایی ناتوانن هێزەكان یەكبخەن".
سەبارەت بە هاوكاریی وڵاتان بۆ هێزی پێشمەرگە و پێدانی چەك بە هەرێم بڕیاردەری لێژنەی دارایی دەڵێت وەكو پێویست نەبووە.
بەهار عەبدلرەحمان لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئانادۆڵو لەوبارەیەوە گوتی: "هێزی پێشمەرگە بە چەك و تەقەمەنی و پێویستی سەربازی هاوكاری كراوە و زۆرێك لە وڵاتان ئەوەیان كردووە، بەڵام ناتوانیین بڵێن ئەو هاوكارییانە لە ئاستی پێویست بووە، بەتایبەت شەڕی تیرۆر شەڕێكی قورسە و زلهێزان شەڕی تیرۆریان پێناكرێت چ جای هەرێمی كوردستان كە هەرێمێكین لەرووی هێزی سەربازییەوە هێزەكانمان لەرووی مەشقەوە مەشقیان پێنەكراوە و پێداویستییەكانییان بۆ دابین نەكراوە، لەكاتی رووبەڕووبونەوەی تیرۆر و هەتا ئەو ساتە وەختە پێشمەرگە خۆی چەكەكانی خۆی دەكڕی، بۆیە لە رووی چەك و تەقەمنی هەرێمی كوردستان هەژار بووە و چەك و تەقەمی نەبووە، بۆیە پێویست بوو هاوپەیمانان هاوكاری زیاتر بكەن، بەڵام هاوكارییەكان لە ئاستی ئەو شەڕە قورسە نییە كە شەڕی تیرۆرە".
هەرچی دروستكردن و پڕچەككردنی سێ لیوای پێشمەرگەیە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە، بڕیاردەری لێژنەی كاروباری پێشمەرگە گوتی: "وەكو هەنگاوێك لە هەنگاوەكانی بە دامەزراوەیی كردنی هێزی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی هێزەكان، وەزارەتی پێشمەرگە و خودی وەزیری پێشمەرگە باسی لەوەكرد كە ئەمریكییەكان بەڵێنیان پێداون سێ لیوا بەپێی مواسەفاتی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكەن و پڕچەك و پێویستییان بكەن كە بەشی چەند لیوایەك دەكات و كارێكی گرنگە لە چوارچێوەی ئەو لیوایانە ئەوان پێویستییەكان دابین دەكەن و ئەوەشی سێ لیوایە و ئەو كاتە گوتی بەڵێنییان پێداوین و هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە".
سەردانەكەی ئەمدواییەی سەرۆكی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی بۆ ئەمریكا بە گرنگ زانی و گوتی: "بەپێی زانیارییەكانمان ئەمریكا بەڵێنی پێدانی چەكی بە هەرێمی كوردستان داوە لەنێویاندا چەكی قورس، بەڵام دیار نییە پێدانیان راستەوخۆ یان نا راستەوخۆ دەبێت".