کیێڤ
راپۆرتەكە لەبارەی ئەو رۆڵەوە ئامادەكراوە كە سەربازەكانی رووسیا لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا گێڕایان و لەلایەن هاوڕێیانی نەمستۆڤەوە نووسینەوەی تەواوكراوە و 65 لاپەڕەیە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەلایەن ئیلیا یاشینەوە ناسیندرا كە چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ و ئەندامی دامەزراوەی سیاسی پارتی پارناسە كە نەمستۆڤ سەرۆكایەتی دەكرد.
ئیلیا یاشین كە هاوڕێی نزیكی بۆریس نەستۆڤ بووە رایگەیاند نەمستۆڤ رووی دەمی كردووەتە ئەو هاووڵاتییە رووسییانەی لە خۆرهەلاتی ئۆكراینا جەنگاون و پێی گوتوون ''ساتێك دێت كە پوتین و فەرماندەكانتان دەستتان لێبەردەدەن، ئەوان دەڵێن كە ئێوەیان نەناردووە بۆ جەنگ و ئەگەر شتێكتان لێ بەسەربێت ئەوا خزمەكانتان هەرگیز بە راستییەكە نازانن''.
یاشین ئاماژەی بەوەكرد راپۆرتەكە بەڵگەی تێدایە لەبارەی بوونی سەربازانی رووسیا لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا و گوتی:" ئێمە داواكرین ئەو پێكدادانە خوێناوییانەی لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا هەیە و رووسیاش بەشێكە لێی بە زووترین كات كۆتایی بێت. ئەمە ناپاكییە لەبەامبەر بەرژەوەندییەكانی نەتەوەیی وڵاتەكەماندا''.
یاشین روونیكردەوە نەمستۆڤ بەدوای ئەو رێگە و شیوازانەدا گەڕاوە بۆ ئەوەی تا بۆ شەقامی رووسیا روون بكاتەوە چی لە ئۆكراینا دەگوزەرێت، بەم شێوەیەش ویستوویەتی بۆچوونی جەماوەر بگۆڕێت و كاریگەری هەبێت لەسەر سیاسەتەكانی پوتین.
گوتیشی: "راپۆرتەكە بۆ كۆمەڵگەی رووسیا ئامادەكراوە و ئامانج لێی شتێكی لەو جۆرە نییە كە بۆ ئۆكراینا و كۆمەڵگەی نێودەڵەتی بسەلمێنێت پوتین سەربازی رەوانەی خۆرهەڵاتی ئۆكراینا كردووە، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش بەڵگەیان لەبارەی بوونی سەربازانی رووسیا لە نێو خاكی ئۆكراینادا لە راپۆرتەكەدا خستووەتە ڕوو".
یاشین نەیشاردەوە بۆ ئەوەی كێشەی كرێمیا چارەسەر بكرێت پێویستە رژێمی سیاسی لەرووسیا بگۆردرێت و گوتی: "تا ئەو كاتەی پوتین لە كرملیندا بێت، چارەسەركردنی ئەم كێشەیە مەحاڵە. ئەم كێشەیە درەنگ یان زوو لەلایەن ئەو كەسانەوە چارەسەر دەكرێت كە دەسەڵات دەگرنە دەست لە رووسیا''.
یاشین سەرنجی بۆ ئەوە راكێشا كە ژمارەیەكی زۆر مرۆڤ لە كرێمیا پشتگیری لە پوتین دەكەن و رەتكردنەوەی ئەم هەڵوێستانەی ئەوانیش دەبێتە هۆی رژانی خوێنێكی زۆر، لەبەر ئەوەیش رێگەی چارەی گونجاو بۆ كێشەی كرێمیا ئەوەیە ''لەچوارچێوەی ناوچەیەكی هاوبەشدا كە سەروەری هەریەك لە رووسیا و ئۆكراینای تێدا دەستەبەركرابێت'' چارەسەر بكرێت.
یاشین ئاماژەی بە دەستگیركردنی سەربازانی رووسیا لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا كرد كە لەگەڵ شەقامی رووسیادا تاوتوێ نەكراوە چونكە میكانیزمێك نییە بۆ گواستنەوەی ئەم بابەتە بەمەبەستی تاوتوێكردنی لە چوارچێوەیەكی نەتەوەییدا.
كەسایەتی ئۆپۆزسیۆن و چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ نەمستۆڤ لە 28ی شوباتی رابردوو لە مۆسكۆ لە ئەنجامی هێرشێكی چەكداری كوژرا. دواتر هەریەك لە زاور دادایێڤ، ئانزۆر گوباشێڤ، شادید گوباشێڤ، هامزات باهایێڤ و تامەرلان ئەسكەرهانۆڤ بە تۆمەتی پەیوەندی بە هێرشەكەوە دەستگیر كران.
نەمستۆڤی سەركردەی ئۆپۆزسیۆن بەهۆی پشتیوانیكردنی لە خۆپیشاندانەكانی دژی سەرۆكی رووسیا ڤلادیمیر پوتین لەم ساڵانەی دواییدا، خەریك بوو بەتەواوەتی ناوبانگی پەیدا دەكرد.