Sarmand Hameed
29 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رایگەیاند، بەپێی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی لە نێوان حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی هەرێم کراوە، دەبێ هەردوولا پابەندی ئەو رێککەوتنە بن.
ئەحمەد موللا تەڵال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامیدا و لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی پابەندوونی حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەی ماوەیەک لەمەوبەر لەنێوان هەردوولا کرا، رایگەیاند "پابەندبوونەکان دوولایەنەن، رێککەوتنێکی سیاسییە بۆ قۆناغێک کە ماوەیەک پێش ئێستا لەنێوان حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی هەرێم کراوە کە پابەندبوونی هەردوولایەنی دیارییکردووە، حکوومەتی عێراق پابەندبووە بە خەرجکردنی بڕی ٣٢٠ ملیار دینار مانگانە بەمەبەستی دابینکردنی بەشێکی گرنگی مووچەی گەلەکەمان لە کوردستان، ئەمە پابەندبوونە لەسەر حکوومەتی عێراق، لە بەرمبەردا چەندین پابەندبوون لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە بەڵێنی داوە سەبارەت بە سەرپەرشتیکردن و دابینکردنی مافی دەستووری حکوومەتی عێراقی لە سەرپەرشتیکردنی دەروازە سنوورییەکان و هەناردەکردنی نەوت، بۆیە پابەندبوونی دوولایەنە هەیە، ئەمەش دەگوازرێتەوە بۆ بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ لەگەڵ هەمواکردنێکی کەمدا، بەپێی ئەو رێککەوتنە دەبێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونەکانی جێبەجێ بکات کە نزیکەی مانگ و نیوێک لەمەوبەر کراوە".