نیویۆرک
سەرۆکوەزیرانی ھیندستان و پاکستان بەمەبەستی بەشداریی کردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چوونەتە ئەمریکا، راگەیەنراوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە نیویۆرک یەکتر دەبینن.
نەواز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و مانمۆھان سینگ، سەرۆکوەزیرانی ھیندستان لەکۆبوونەوەی "لوتکەی ئاشتی" کۆدەبنەوە.
ئەگەر کۆبوونەوکە سازبکرێ، ئەوە یەکەمین چاوپێکەوتنی راستەوخۆ دەبێ لە نێوان کاربەدەستانی ھەر دوو وڵات دوای ئەوەی نەواز شەریف سەرلەنوێ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ھەڵبژێردرایەوە.
لە دوو رۆژی رابردوو لە (ھەرێمی کشمیر) کە ھەردوو وڵات لەسەر ئەو ھەرێمە ناکۆکیان ھەیە، لە ئاکامی ھێرشی گروپە جوداخوازەکان بۆ سەر بازگەیەکی نێو خاکی ھیندستان، لانیکەم چوار سەربازو دوو کەسی مەدەنی کوژران.
ھیندستان و پاکستان ساڵی ١٩٤٧ سەربەخۆییان لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا بەدەست ھێنا، لەسەر ھەرێمی کشمیر ماوەیەکی زۆر پێکەوە شەریانکرد. ھیندستان وڵاتی پاکستان بەوە تۆمەتبار دەکا چەک بۆ چەکدارانی نەیاری خۆی دابین دەکا تا ھێرش بکەنە سەر (کاممو) لە بەشە کشمیری ژێر کۆنترۆڵی ھیندستان.