سلێمانی
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە ماوەی 14 ساڵی تەمەنیدا دوو كۆنگرەی گشتی سازكردووە و لە ئەنجامدانی كۆنگرەی سێهەمی حزبەكە نزیك بووەتەوە.
بڕیارە لە رۆژی 30 ئەم مانگە لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، بە بەشداری 760 ئەندام و لە ژێر دروشمی "پێكەوە بەرەو لوتكە"، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان سێهەمین كۆنگرەی گشتی خۆی ئەنجام دەدات و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەكە هاوژین عومەر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی كۆنگرەكەوە دواو گوتی: "كۆنگرەی گشتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە سێ قۆناغ بەڕێوە دەچێت، لە قۆناغی یەكەمدا بریتی بوو لە كۆبونەوە گشتییەكان كە 160 كۆبونەوە ئەنجامدرا و هەموو چین و توێژەكانی حزبمان بینی بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ كۆنگرە".
لە قۆناغی دووەمدا 12 كۆنفرانسمان لەسەر ئاستی 12 مەڵبەندەكەی كۆمەڵ لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، تێدا لە رێگەی مەڵبەندەكان خۆیانەوە بەرپرسی نوێی مەڵبەندەكان هەڵبژێردران و نوێنەرانی كۆنگرەش دەستنیشان كران.
قۆناغی سێهەم و كۆتایی، خودی كۆنگرەیە كە دوا وێستگەی پڕۆسەكەیە و لە كۆتایی ئەم مانگەدا لە ماوەی سێ رۆژدا بەڕێوە دەچێت".
هاوژین عومەر زیاتر لەبارەی كۆنگرەوە دواو گوتی: "كۆنگرە كۆمەڵێك بڕگە و بابەت لەخۆ دەگرێت لە هەڵبژاردنی سەركردایەتی نوێ و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنەكان و كەسی یەكەمی حزب. پاشان ئەو دوو رەشنووسەی لەبەردەستمانە و پێشتر خستمانە بەردەم ئەندامانی كۆنفرانسەكان لیژنەیەكمان بۆ دروستكردووە و لە كۆنگرەدا دەخرێتە دەنگدانەوە ئەوەش دەبێتە بەرنامەی كاری چوار ساڵی داهاتوی كۆمەڵی ئیسلامی".
هاوژین عومەر گووتیشی: "لە ئەنجوومەنی ئێستای سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی یەك ئەندامی ژن هەیە، بۆ كۆنگرەی ئەمجارە بەسیستەمی كۆتا پشكی 20 لەسەدی ئەندامانی كۆنگرە بۆ ژنانی ئەو حزبە دانراوە و لە كۆی 760 ئەندامی كۆنگرە 152 ژنیان تێدا دەبێت، هەروەها 10 لەسەدی پۆستەكان و ئەندامانی ئەنجوومەنەكانیشیان بەسیستەمی كۆتا بۆ تەرخان دەكرێت".
سەرپەرشتیاری لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە لەبارەی گۆڕانكارییەكانی نێو كۆنگرە دواو گوتی: "دیارترین گۆڕانكاری لە كۆنگرەی ئەمجارەدا هەڵبژاردنی بەرپرسی مەڵبەندەكانە لە رێگەی كۆنفرانسەوە و راستەوخۆ دەبنە ئەندامی كۆنگرە، هەروەها هێنانی رەشنووسێك بە ناوی پەیماننامەی كاری كۆمەڵی ئیسلامی كە ئەوەش تازەگەرییەكە كە لە كۆنگرەدا ئەنجاممان داوە و كۆمەڵێك خاڵ لەخۆ دەگرێت و دەبێتە یاسای بنەڕەتی كۆمەڵ كە لەسەرو پەیڕەو و پڕۆگرام و پەیكەری حزبەوە دەبێت، ئامانجەكەش بریتییە لە راگرتنی باڵانسی دادوەری سیاسی و حزبی و دابەشكاری پۆستەكان و دارایی و .... تاد لە ناو حزبدا".
گوتیشی: "هەروەها دەزگای چاودێری كاراتر دەكرێت و جیاواز لە كۆنگرەكانی تر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە نێو كۆنگرەدا و بە دەنگی ئەندامان دەستنیشان دەكرێن".
هاوژین عومەر ئاماژەی بەوەش كرد "داواكاری زۆر هەیە بۆ گۆڕینی لۆگۆی گشتی حزبەكە و دانانی سیمبولێك لەبری ئەو نووسینەی لەسەری هەیە كە ناوی خودای لەسەرە و زۆرجار لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا و بەهۆی كەوتنی لەسەر شەقامەكان، حزبەكەی رووبەڕووی رەخنە كردووەتەوە. بەڵام ناو و دروشم دەستكاری ناكرێ و وەك خۆی دەمێنێتەوە، زۆرینەش لەگەڵ ئەوەدان ئاڵای گشتی حزبەكە (رەنگی پرتەقاڵییە و نووسینی لا الە الا الله ی لەسەرە) وەك خۆی بمێنێتەوە.
لە سەرەتای دامەزراندنییەوە عەلی باپیر ئەمیری گشتی حزبەكەیە و هەتا ئێستا لەو پۆستەدا ماوەتەوە، پێشتر ئەو رایگەیاندبوو خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید ناكاتەوە ئەگەر لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە داواكاری دوبارە خۆ كاندید كردنەوەی لێنەكرێت.
هاوژین عومەر لەو بارەیەوە گوتی: "تا دوێنێ بڕیاری ئەوەمان لە ئەمیر نەبیستووە كە خۆی دەپاڵێوێتەوە بۆ ئەو پۆستە یان نا، دەرگای خۆپاڵاوتنیش بۆ پۆستەكە لە نێو كۆنگرەدا دەكرێتەوە و دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی دەبێت".
بەگوتەی ئەو، داواكاری ئەوەش هەیە لە كۆنگرەدا ناوی پۆستی ئەمیر بۆ پێشەوا یان سەرۆك بگۆڕدرێت و لە ناو كۆنگرەدا یەكلایی دەكرێتەوە.
كۆنگرە بۆ حزبەكانی هەرێمی كوردستان ئەزمونێكی تاڵی هەیە و زۆرێك لە حزبەكان لە نێو كۆنگرەكانەوە رووبەڕووی ناكۆكی و لێكترازان دەبنەوە، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ خۆی لە دوای كۆنگرەی گشتی بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی كوردستان و قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێو ئەو حزبە لەساڵی 2001 بە سەركردایەتی عەلی باپیر جیابوونەوە و دامەزراندنی حزبەكەی راگەیاند.
لەبارەی ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی ترسی لە كۆنگرە و دوبارەبوونەوەی ئەو ئەزمونە تاڵە هەیە كە زۆربەی حزبەكان مەترسییان لێی هەیە، هاوژین عومەر گوتی: "ترسی ئەوەمان نییە لە كۆنگرەی كۆمەڵدا ئەو ئەزموونە تاڵە دوبارە ببێتەوە، لە هەمانكاتدا ناڵێین دەنگی ناڕەزایی نییە و هەوڵ دەدەین لە كۆنگرەدا كاتی تەواو بدەین بەو كەسانەی نیگەرانی و سەرنج و رەخنەیان هەیە".
كۆنگرەی سێهەمی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بڕیار بوو لە رۆژی 15ی تەمموزی 2014 ئەنجام بدرایە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و دۆخی هەرێمی كوردستان و شەڕی داعشەوە دواخرا.
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان خاوەنی شەش كورسی و لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی سێ كورسییە، لە هەردوو حكوومەتی عێراقی بە وەزیرێكی دەوڵەت و لە هەرێمی كوردستان بە وەزیری كشتوكاڵ و ئاودێری و وەزیرێكی هەرێم و سەرۆكی چەند دەستەیەك بەشدارە.
news_share_descriptionsubscription_contact
