ههولێر
دوای چاوەڕوانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی سەرۆكی هەرێم بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمرۆ چوارشەممە كۆمسیۆن وەڵامی بارزانی بە "ناتوانین" دایەوە.
ئەو وەڵامەی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، وایكرد پرسەكە بگەرێتەوە بۆ لای لایەنەكانی سیاسی و چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی ئایندەدا ئەم بابەتە گفتوگۆی لەسەر بكرێت.
چونكە بەگوێرەی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013 لە ماددەی یەكدا هاتووە. "ویلایەتی سەرۆكی هەرێم كە لە 20.8.2013 درێژكراوەتەوە. تا 19.8.2015 دواتر درێژكردنەوەی بۆ نییە".
شەممەی رابردوو سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم فوئاد حوسێن رایگەیاند "مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە یەكی ساڵی 2005ی هەمواركراو بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 91 ی ساڵی٢٠١٥بڕیاریدا هەڵبژاردنی گشتی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت لە ڕۆژی20ی ئابی 2015".
بۆ وەڵامدانەوەی نامەی سەرۆكی هەرێم و كاروباری ئەنجوومەنەكە ئەمرۆ سەرۆك و ئەندامانی لە پەرلەمانی كوردستان، ئامادەبوون.
ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، هەندرێن محەمەد رایگەیاند "كۆمسیۆن ناتوانێت لەو وادەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، داوای كردووە، هیچ هەڵبژاردنێك ئەنجام بدات، هۆكارەكەی ئەوەیە كەتا ئێستا هیچ بوودجە و خەرجیەكمان بۆ بینایە و پێویستیەكانی ئەنجووومەن و هەروەها كارمەندی پێویستیش بۆ دابن نەكراوە".
لە لایەكی دیكەوە گوتەبێژی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم شیروان زرار نەبی روونكردنەوەی زیاتری دا و رایگەیاند "چەند داواكاریەكمان پێشكەش بە حكوومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كردووە، چاوەروان دەكەین داوكاریەكانمان جێبەجێ بكرێت، هەركات جێبەجێ كران بەپێی یاسای كۆمسیۆن دوای 180 رۆژ دەتوانین هەڵبژاردن و راپرسیەك ئەنجام بدەین".
گوتیشی: "ئەو بوودجەی پێویستە بۆ كۆمسیۆن، بریتیە لە 15 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ ساڵی 2015 بەڵام بۆ هەر هەڵبژاردنێك پێویستی بە بوودجەی تایبەتی دەبێت بەپێی سیستەمی عێراقی بۆ هەر دەنگدەرێك پێویستی بە 10 دۆلار دەبێت بۆی خەرج بكرێت".
شیروان زرار بۆ ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی ستاندەری ئێستا لە هەرێمی كوردستان كە نزیكەی سێ ملیۆن دەنگەر هەیە تێچووی ئەو هەڵبژاردنە بەگشتی بە 30 ملیۆن دۆلار دەخەڵمێنرێت، چونكە بۆ هەر دەنگدەرێك 10 دۆلاری دەوێت".
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد "دەبێت حكوومەتی هەرێم ئەو پارەیە دابین بكات، پێمانوایە ئەو پارەیەش زۆر نییە ئەگەر حكوومەت بێەویت دابینی بكات، چونكە وەك ئاگادارین حكوومەتی هەرێم بۆ حاڵەتی تایبەت بوودجەی تایبەتی هەیە".
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئەنجوومەنەكەیان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق، گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی هەرێمی كوردستان گوتی: "رۆژی دووشەمممەی داهاتوو لەگەڵ كۆمسیۆنی عێراق كۆدەبینەوە بزانین تاچەند هاوكاری كارەكانماندەبن بەپێی لێك تێگەیشتن. چونكە ئێمە بەپێی یاسایی تایبەت بە هەرێمی كوردستان كار دەكەین، و سەربەخۆین پەیوەندیمان بە عێراقەوە نییە".